بۆمەراسیمی ساڵڕۆژی شەهیدکردنی، بنەماڵەی مام زەکی چونە شەنگال

١٥ی ئەم مانگە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی مام زەکی شەنگالی ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی-یە، بەم بۆنەیەوە بنەماڵەو کەسوکاری ناوبراو چوونە شەنگال.


مام زەکی شەنگالی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨ بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە گەلی شلۆ شەهیدبوو، بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکردنی بنەماڵەی ناوبراو سەردانی شەنگالیان کرد.

بۆ یادکردنەوەی شەهید زەکی، وابڕیارە ڕۆژی ١٤ی ئاب مەراسیمێک لە چیای سەردەشت-ی شەنگال بەڕێوەبچێت، بەم بۆنەیەشەوە بنەماڵەی شەهید لەشەنگال-ن و سەردانی ئەو شوێنەیان کرد کە مام زەکی تیایدا شەهید بووە.

گوڵستان ئۆزدەن، هاوسەری مام زەکی ڕایگەیاند: "بەئامانجی بەشداریکردن لەساڵڕۆژی شەهیدکردنی زەکی شەنگالی هاتینە شەنگال، وەکو بنەماڵەی شەهید دەڵێین سەری گەلی ئێمە و تەواوی کوردستان ساغبێ، زەکی هەمیشە کوردستانی وەک بنەماڵەی خۆی پێناسە دەکرد، زەکی بۆئەوەی ڕێگا لەفەرمان بگرێت چووبووە شەنگال''.

هاوکات غەزال ئۆزدەن، خوشکی شەنگالی قسەی کردو وتی: ''ئێمە ئەو کەسانە ئیدانە دەکەین کە هاوکاری دەوڵەتی تورک-ن، تەنها ئیدانەکردنیش بەس نییە، بەڵکو دەبێت ئێمە خاوەنداری لە شەهیدەکانمان بکەین، ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵگایەک دەبینین کە خاوەنداری لە شەهیدان و ڕێچکەکانیان دەکەن، ئێمە ئەمڕۆ بووینەتە بنەماڵەیەکی گەورە، شەهید زەکی ڕێگای ڕاستی هەڵبژاردو لەچوارچێوەی فکری ڕێبەر ئاپۆ بوو''.

ک.س