بۆچی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندس لە ئێران کۆبوونەتەوە؟

فەرماندەی مەیدانی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق دوای چەند ڕۆژ لە گەیشتنی هێزەکانی بۆ ئێران، گەیشتە خوزستان و لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کۆبووەوە. 


ئاژانسێکی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە، کە دوێنێ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندس، جێگری هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق چوونەتە ئابادان لە پارێزگای خوزستان لە باشوری ڕۆژئاوای ئێران، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی خزمەتکردنی فریاگوزاران بکەن. 

لە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق بەناوی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی لافاوەکەی ئەم دواییەی ئێران هاتوونەتە ناو پارێزگای خوزستان، دەستپێک ڕاگەیاندن و کاربەدەستانی ئێران دانیان بەودا نەنا، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاگەیاندنەکانی ئێرانیش ئەوەیان پشتڕاست کردەوە. 

چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی هەرچەند بەناوی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بوو، بەڵام کاردانەوەی نەرێنیی لە ناوخۆی ئێران لێکەوتەوە و لە چەندین شوێن لە پارێزگای خوزستان خەڵکی ناوچەکە کە خۆشیان بە ڕەگەز عەرەبن، ناڕەزایەتییان نیشاندا و داوایان کرد ئەو هێزانە لە ئێران وەدەربنرێن، هەروەها موقتەدا سەدر، سەرۆکی بزوتنەوەی سەدریش دژی چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ناو ئێران ناڕەزایەتیی نیشانداوە و ڕایگەیاندووە "لە کاتێکدا عێراق خۆی پێویستی بە هاوکارییە چوونی ئەو هێزە بۆ ئێران هەڵەیە". 

هەرچەند ئامانجی سەردانی ئەبومەهدی موهەندس جێگری هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە وەکو شتێکی دیکە ڕادەگەیەنرێت، بەڵام کۆبوونەوەی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران جێی سەرنجە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای جێبەجێیکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران، جموجۆڵێکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبینرێت. 

هەروەک لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوبووەوە، ڕۆژی سێشەممە، نمایشێکی سەربازی دەریایی هاوبەش بە بەشداری سێ وڵاتی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە کەنداو و لە نزیک سنوورەکانی وڵاتی بەحرەین بەڕێوەچوو، هەروەها ڕاگەیەندرا کە سوپای ئەمریکا حەوت فڕۆکەی جەنگی 'ئێف ٣٥'ی بردووەتە بنکەی ئاسمانی "زەفرە" لە ئەبوزەبی وڵاتی ئیمارات، ئاژانسی فۆکس نیوزیش ڕایگەیاندبوو: سوپای ئەمریکا هێزێکی نوێی بە چەندەها جۆر چەکی پێشکەوتوو بردووەتە بنکەی سەربازیی سپایکەر لە پارێزگای سەلاحەدینی عێراق. 

لە لایەکی دیکەشەوە هەرچەند ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دوێنێی سولەیمانی و موهەندس ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام مەزندەی ئەوە دەکرێت دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بەتایبەت جەختی کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا لەسەر بە تیرۆریست زانینی قاسم سولەیمانی، ناوبراو ناوێرێت سەفەری عێراق بکات. 

لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک دیمەن بڵاوبووەتەوە، کە پشتڕاستی دەکاتەوە هێزی لیوای فاتمیون کە پێکهاتووە لە ئەفغانییەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، براونەتە پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو هێزانە بۆ هاوکاری لێقەوماوانی لافاوەکە براون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو زیاتر لە ٣٠ کەس کە فریاگوزارانی خۆبەخشی سەربە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بوون لەلایەن دەزگای ئەمنی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.  

هەروەها ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بردنی ئەو هێزانە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی پارێزگای خوزستان دەگەڕێننەوە، کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بە دەیان جار لەدژی کەمتەرخەمی کاربەدەستان و بەهاناوەنەچوونیانەوە لە کارەساتی لافاوەکە خۆپێشاندانیان ئەنجامدا. 

پێشتر موسا غەزەنفەر ئابادی سەرۆکی دادگای شۆڕشی ئێران، هەڕەشەی کردبوو کە، "ئەگەر خەڵک لە پشتی دەسەڵات نەمێنێت، هێزەکانی حەشدی شەعبی، فاتمیونی ئەفغانی، زەینەبیونی پاکستانی و حوسیەکانی یەمەن دێن و لە پشتی دەسەڵات دەوەستن". 

هەندێک لە کارناسان بردنی هێزەکانی سەربە سوپای پاسداران لە سوریا و عێراقەوە بۆ ناو ئێران دەگەڕێننەوە بۆ بە تیرۆریستی ناساندنیان لەلایەن ئەمریکاوە و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ لێدانیان لەناو خاکی سوریا، هەروەها جموجۆڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەناوچەکە کە شێوازێک لە نمایشی جەنگی پێوە دیارە. 

بەپێی یاسای بنەڕەتی ئێران بردن یان بردنە ناوەوەی هەر هێزێکی چەکداری بیانی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە، پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمانە ئەوەش لە کاتێک ڕەوشێکی ئاسایشی نائاسایی ڕووبدات و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی واژۆی لەسەر بکات، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتارانی ئێران بێئاگابوونی خۆیان لە چوونی ئەو هێزە ڕاگەیندووە و باس لەوە دەکرێت بردنی ئەو هێزانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و بە خواستی قاسم سولەیمانی بووە. 


ک.ک