بۆچی پەکەکە بوو بە ئامانجی هێزە نێودەوڵەتییەکان؟

پەکەکە بوو بە ئامانجی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆچی؟، لە سمینارێکدا ئەم پرسیارە کرا و حەسەن جودی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس وەڵامی دایەوە، چاودێرێکی سیاسییش لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەڵێت: ڕۆژئاوا هیچ کات ئیرادەی خۆی نەخستووەتە دەستی هیچکام لەو هێزانە و پشتی بەخۆی بەستووە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ساڵیادی دەستپێکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە قاوەخانەی كلتوری لە شارۆچکەی دەربەندیخان-ی سەربە پارێزگای سلێمانی، كۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجا‌لان سمینارێکیان بۆ د.حه‌كیم عه‌بدولكه‌ریم چاودێری سیاسیی و حه‌سه‌ن جودی نووسەر و ڕۆژنامەنوس، ئەنجامدا، لەژێر ناوی"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانكاریی نوێ".

لەسەرەتای سیمینارەکەدا حەسەن جودی، سەبارەت بە ڕەوشی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی ناوچەکە وتی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمای قڕکردن و نکۆڵییکردن و توانەوەی کورد، ناوچەکە دابەشکرا، بە دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە بۆ هەریەک لە فارس و تورک و وڵاتانی عەرەبی و کوردیش لەو نێوەندەدا بەبێ هچ قەوارە و هەبوونێک مایەوە و حسابی نەتەوەیەکی نەبووی بۆکرا،  ئەمەش لە لۆزاندا سەرەتا لەلایەن کۆمەڵەی گەلان و دواتریش لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا قبوڵکرا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، ڕابردوودا کورد شەڕی خۆپاراستنی کردووە و توانی خۆی بپارێزێت بۆ مانەوەش بە دەیان ڕاپەرین و بزوتنەوە و سەرهەڵدانی سیاسی و چەکداریی پێشخست، بەڵام نەگەشت بە ئازادیی.

لە بەردەوامییدا، جودی، باسی لەوە کرد، لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکاندا بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی نیشتیمانی لە باکوری کوردستاندا دەست بە تێکۆشان دەکات، پێش هەموو شتێک لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی لۆزان بە پێشەنگایەتی پەکەکە، هەر بۆیە لە ساڵی ۱۹۷۷ەوە، پەکەکە بوو بە ئامانجی سەرەکیی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆچی؟.

حەسەن جودی، خۆی وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە و وتی: چونکە کاتێک هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان ١٠٠ ساڵی ۲۰مینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر حسابی نکۆڵییکردن لە کورد دادەڕێژن و هاوسەنگیی و جەمسەرگیریی هێزەکانیش لەسەر هەمان حساب دیاریی دەکەن، بزوتنەوەیەکی کوردی، کە پەکەکه یە سەرهەڵدەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەم ڕێککەوتنانە و تێکشکاندنی سنوورەکان، بێگومان دەبێتە ئامانج.

پاشان، سەبارەت بە بارودۆخی ١٠٠ساڵی نوێ لە ناوچەکەدا د.حەکیم عەبدولکەریم، وتی: پرۆژەی ئازادیی و ئاشتیی و چارەسەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نە لەلای تورکیایە نە ئێران و نە سعودیە، بەڵکو ئەو پرۆژەیەی کورد پێشکەشی کردووە بە پێشەنگایەتی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ چوارچێوەیەکی فکری و فەلسەفی بۆداناوە، کە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییە، تاکە چارەسەرییە بۆ ناوچەکە، نمونەکەشی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە و گەلانی ناوچەکە کورد عەرەب و تورک و فارس و هەموو نەتەوەکانی تر تیایدا ژیان دەکەن، لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، هەر بۆیەش دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هەژمونگەراکانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا بە مەترسیی دەبینێت بۆسەر خۆی.

هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان وتی: هیچ کاتێک ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانی نێودەوڵەتی دۆستی کورد نەبوون، بەڵکو شەڕی بەدەستهێنانی وزە دەکەن، لە ئێستاشدا ڕۆژئاوای کورستان پشتی بە ئیرادەی خۆی بەستووە و هیچ کات ئیرادەی خۆی نەخستووەتە دەستی هیچکام لەو هێزانە.

د.حەکیم، وتیشی: ئێستا کە هەموو جیهان بێدەنگن لەبەرامبەر هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان،  دوو بژاردەمان هەیە یان تەسلیم بوون یان بەرخۆدان، کە بێگومان ڕۆژئاوای کوردستان بە ئیرادەی خۆی بەرخۆدان هەڵدەبژێرێت.

 

 

ش.ف