بۆکان: چیتر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەین

کۆمیتەی شەهیدعاکیف" لە بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا داوا لە گەل دەکات، کە لە هەموو شوێنێک تێکۆشان بکەن، "چونکە کاتی سەرهەڵدان هاتووە.


١٥ی ئەم مانگە ٢٠ ساڵ بەسەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ێیبەری پەکەکە-دا تێدەپەڕێت، بەوبۆنەیەوە "کۆمیتەی شەهید عاکیف" لە بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، لەگەڵ شەرمەزاکردنی ئەو گەلەکۆمەیە و دەربڕینی پشتیوانی لە مانگرتووان، داوای لە خەڵکی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کردووە، شوێنی کار، شەقام و مەیدانەکان لە هەموو کوردستان بکەنە سەنگەری بەرخۆدان، هەروەها داواش لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، کە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی شەهید عاکیف، بەمشێوەیەیە:

٢٠ ساڵ بەسەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لەدژی پڕۆمتەی سەردەم "ڕێبەرئاپۆ" تێدەپەڕێت، بەڵام شۆڕشی ئازادیخوازیی ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و بەرفراوانتر دەبێت، بەرخۆدانی ئیمرالی دوژمنانی ئازادی تێکدەشکێنێت و خەوی لە چاوی هەموو دەسەڵاتدارانی ترسنۆک گرتووە و بووەتە "حەقیقەتێک" بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

وەک 'کۆمیتەی شەهید عاکیف'ی  بۆکان ١٥ی شوبات ڕۆژی ڕەش و ساڵوەگەڕێ گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٩٩٩ بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ چالاکی مانگرتن لەخواردن لەدژی گۆشەگیری سەر ڕێبەرئاپۆ بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلا گۆڤەن، هەڤاڵ ناسر یاگز و هەڤاڵانی زیندان و دەرەوەی وڵات دەردەبڕین و سڵاو بۆ ڕۆحی بەرخۆدانیان دەنێرین و بەڵێن دەدەین، تا دوایین هەناسە بێ پشوودان تێکۆشان بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ کە ئازادیی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتییە بەردەوام بکەین.

داوا لە گەلی هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەین، کە شوێنی کار و کۆڵان و شەقام و مەیدانەکانی هەموو کوردستان بکەنە سەنگەری بەرخۆدان، چونکە کاتی سەرهەڵدان هاتووە، بە تایبەت داوا لە گەنجانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بە بەشداری لەناو ریزەکانی گەریلا لە چیا سەرکەش و ئازادەکانی کوردستان، بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن و ببنە هێمای ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

هەروەها پێویستە وڵامدەری داخوازی سیاسی سەرهەڵدانی ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین، سڵاو لە خوێنی شەهیدانی ئەو سەرهەڵدانە و خوێنی شەهیدانی ئازادی خوازی هەمووکوردستان دەکەین.

س.ح