بۆ هاوکاری ڕۆژهەڵات داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیان دەکرێت

کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و لوڕستان بەتایبەت، لە شاری سلێمانی بەردەوامە، ڕێکخەرانی کەمپەینەکەش داوادەکەن، کە هەمووان بەهانای لوڕستاوە بچن.


١٧ی ئەم مانگە، کەمپینی 'لە کوردستانەوە بۆ لوڕستان'، لەلایەن توڕی ڕێکخراوەکان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندرابوو، لە سێیەم ڕۆژیدا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لوڕستان.

ڕێکخەرانی کەمپەینەکە داوای ئەوە دەکەن، زۆرترین کەس بەشداریی کەمپەینەکە بکات و دەڵێن "گرنگ نییە تۆ چەند هاوکاری دەکەیت، کەم بێت یان زۆر، چونکە لە ئێستادا کەمیش بێت شوێنی زۆر بۆ لێقەوماوان دەگرێت، دەتوانن بە بڕێک خواردنیش هاوکاریان بکەن".

ئومێد محەمەد، یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە باسی لەوەکرد، کە گەلی ڕۆژهەڵات ڕۆژانێک پاڵپشت و یارمەتیدەری باشوری کوردستان بوون، بە تایبەت لە کاتی کیمیاباران و ئەنفالدا، "بۆیە ناکرێت جوامێری گەلی ڕۆژهەڵات لە بیربکەین و ئەوەی کە توانای هەیە با هاوکاری ئەو گەلە لێقەوماوە بکات".

کەمپەینەکە بە ناونیشانی 'لە کوردستانەوە بۆ لوڕستان'-ە، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت و ناوەندی سەرەکی کۆکردنەوەی هاوکاری لە هوڵی 'کورتەباڵاکانە بەرامبەر بۆڵینگ لە سەر شەقامی شەستی.

س.ح