بۆ چواره‌م هەفتە خۆپیشاندان له‌‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌چوو

بۆ چواره‌م هەفتە له‌ به‌رده‌م بینای په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا له‌ برۆكسل-ی پایته‌ختی به‌لجیكا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو و ئیدانه‌ی بێده‌نگی داموده‌زگه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرا له‌ به‌رانبه‌ر گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان و مانگرتنه‌كان.


بۆ چوارەمین جار و چواره‌م هه‌فته لەسەر یەک‌، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ده‌یان كه‌س له‌ به‌رده‌م بینای په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا كۆبوونه‌وه‌ و بە بەرز کردنەوەی وێنەی عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌ری پەکەکە گۆشه‌گیری تووندی سه‌ر ئۆجالان و بێده‌نگیی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا، په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا و كۆمیته‌ی ڕێگرتن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ ئاست گۆشه‌گیری شەرمەزار کرا.

خۆپیشانده‌ران دروشمه‌كانی "كوژه‌ر ئه‌ردۆغان، تێرۆریست ئه‌ردۆغان، بێده‌نگی تاوانه‌، مه‌بنه‌ هاوكاری تاوان" وته‌وه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین پۆسته‌ر ده‌رباره‌ی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان و به‌رخۆدانی مانگرتوان بەرزکرانەوە.

زوبێر ئایدار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) به‌شداری له‌ چالاكییه‌كه‌دا كرد و داوای به‌هێزكردنی تێكۆشانی كرد و به‌رخۆدانی دایكی زیندانییانی به‌ به‌ بە هادار پێناسه‌ كرد و وتی، "هه‌موو چوارشه‌ممه‌یه‌ك ده‌نگی خۆمان به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێ زیاتر ده‌نگمان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ و وه‌ها بكه‌ین ده‌نگمان ببیسترێت".

زوبێر ئایدار ئاماژه‌ی به‌ تێكۆشان و پڕۆژه‌كانی چاره‌سه‌ریی پرسی كورد كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌بوونی هیوای گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتنی به‌رخۆدان كرده‌وه‌.

ئایدار وتیشی "ئێمه‌ هیوامان هه‌یه‌ ئه‌م به‌رخۆدانه‌ بگاته‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌رگه‌كانی ئیمڕاڵی بشكێن، ئه‌مه‌ش به‌ به‌رخۆدانی گه‌ل ده‌كرێت، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ دوێنێ زیاتر و به‌هێزترین، هه‌م له‌ ناوخۆ و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌رفه‌ته‌كانمان زیاتره‌، به‌ به‌رخۆدان سه‌رده‌كه‌وین".

له‌ ڕاگەیەنراوێکدا كه‌ له‌ لایه‌ن پلاتفۆڕمی "بهێڵن له‌یلا بژی"یه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌، ده‌رباره‌ی مانگرتنه‌كان له‌ خواردن كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تیی له‌یلا گیوڤه‌ن هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده‌) به‌ڕێوه‌ده‌چن، داوا كرا كۆتایی به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر زیندانییان، ئه‌شكه‌نجه‌ و پێشێلكردنی مافه‌كانیان بهێنرێت، هه‌روه‌ها داوا كرا توركیا یاسا‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.

ئاماژە بەوەشکرا کە "پێویسته‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا و حكوومه‌ته‌كانی ئه‌ورووپا فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ڕژێمی ئه‌ردۆغان و شاندێكی سه‌ربه‌خۆی نێونه‌ته‌وه‌یی بنێرنه‌ زیندانه‌كانی توركیا و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخی زیندانییان بكه‌ن، كۆتایی به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان بێنن، مافی لێدوان و دیدار له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران و خانه‌واده‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكرێت".

ک.س