"بۆ چەسپاندنی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ پێویستمان بە شۆڕش و کودەتایە"

گفتوگۆیەکی کراوە لە شاری سلێمانی، دەربارەی" کاریگەری جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەسەر بەرجەستەکردن و گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە یاساکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان" بەڕێوەچوو، بەشداربووانیش ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێشێل دەکرێت و پەیمان عیزەدینیش دەڵێت: بۆ چەسپاندنی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ پێویستمان بە شۆڕش و کودەتایە.


ئیوارەی ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و گەشەپێدانی مرۆیی، گفتوگۆیەکی کراوەی دەربارەی"کاریگەری جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە سەر بەرجەستەکردن و گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە یاساکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان" لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

سەفوەت مەجید چالاکوانی مافی مرۆڤ، کورتەیەک لە مێژوویی یاسای جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و چەند یاسایەکی باسکردو پاشان پەیمان عیزەدین کاریگەرییەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان شیکردەوە.

پەیمان عیزەدین، پارێزەر، باسی لە یاساکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کرد و تی: کۆمەڵێک یاسا لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، لەوانە، یاسای مافی ڕۆژنامەگەری و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و چەند یاسایەکی دیکە، بەمەش عێراق و هەرێم دەچێتە خانەی پابەندبوون بەو مافانەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانی چەندی جێبەجێ کراوە.

پەیمان بێ هیوایی خۆی لە گۆڕانکاری یاساکان و بێ کاریگەری پەرلەمانی هەرێم دەربڕی و تی: ئەگەر لە ٧٠٪ی پەرلەمان ببێتە خەڵکی سەربەخۆ باوەڕم بە گۆڕانکاری نییە، چونکە بنەڕەتی پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە گەندەڵی و کۆمەڵێک بیرکردنەوە بە یاسایی بکرێت، لە ئێستادا خودی ئەو پەرلەمانە حزبییە، ئەم گەندەڵی و پێشێلکارییانەی کە هەیە بەرنامە بۆ داڕێژراوەو تا کابینەکان بەدەستی یەکێتی و پارتییەوە بن هیچ گۆڕانکارییەک نایەتە ئاراوە.

ئەو پارێزەرە ڕێگای دیموکراتی بە تەرکیزخستنە سەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کۆبوونەوە لەژێر یەک چەتر بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: بە کۆدەنگی دەتوانرێت ساڵانە ڕاپۆرتێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت و یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ چوونە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ شۆڕشە، یاخود کودەتایە، وەک عێراق بێت یان شوێنەکانی دیکە.

ب.ش