بۆ ڕاگرتنی دراما توركییەكان یاداشتێك درایە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی

ژمارەیەك لە پارێزەو و چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی لە شاری هەولێر لە ڕێگای یاداشتێكەوە داوای ڕاگرتنی پەخشكردنی تەواوی دراما توركییەكان دەكەن.


ئەمڕۆ كۆمەڵێك لە پارێزەران و چالاكوانانی هەولێر یاداشتێكیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێم كرد بەمەبەستی ڕاگرتن و قەدەغەكردنی پەخشی دراما توركیەكان لە تەواوی كەناڵەكانی هەرێمی كوردستان.

رێبین سەباح، بە نوێنەرایەتی چالاكوان و  پارێزەران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیاند: ئێمەوەك كۆمەڵێك لە پارێزەر و مافپەروەر و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەولێر و بە نوێنەرایەتی ئیرادەی ویستی هەموو كورد و هاونیشتمانیەكی دڵسۆزو خەمخۆر لە تەواوی هەرێمی كوردستان، داوا لە داواكاری گشتی دەكەین وەك بەرگریكارێك لە ماف و ئیرادەی هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بڕیار دەربكەن و نوسراوێك بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان بەوەی كە وەزارەت ناچار بكرێ بەوەی كە بە شێوەیەكی فەرمی بڕیار بدات بە ڕاگرتنی پەخكردنی تەواوی ئەو دراما توركیانەی كه لە كەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان پەخش دەكرێن لەبەر ئەو هۆكارانەی خوارەوە كە بریتین لە :

۱/ دوایی هێرشە ناڕەواو داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و كوشتن و کۆمەڵکوژكردنی خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا بایكۆتكردنی تەواوی كاڵا و بابەت و دراما توركیەكان بووە بە داواكارییەكی گشتگیری هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان.

۲/ دراما توركییەكان بەشێوەیەكی زۆر ناشرین و دوور لە ڕاستی وێنەی كورد و ژیانی هاوڵاتی كورد لە باكور و تەواوی پارچەكانی كوردستان پیشانی بینەر دەدات.

۳/ لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تاوەكو ئەمساڵیش ڕێژەی كێشە خێزانیەكان و جیابونەوە و لێكترازانی خێزانی زۆر زیاد بووە و وا خەریكە شیرازەی خێزانی كوردی بەرە و ئاقارێكی زۆر خراپ و نادیار ببا و دراما توركیەكانیش بەشێكی گەورەیان بەردەكەوێ لە هەبوونی كێشە خێزانیەكان و زیاد بوونی ڕێژەی جیابونەوە لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە داوا دەكەین بڕیار بدەن بە ناوەڕۆكی یاداشتەكەمان چونكە هاوڵاتیان وەك لایەن و مینبەرێكی بەرگری لە ماف و داخوازییە ڕەواكانیان سەیری سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

ک.س