سێشەممە, 26 يون 2018 – 12:00 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١ی خولی بەهارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بیانی پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند: لەكاتێكدا كە وڵاتانی بێگانە لەشكركێشیی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەكەن ئاو لەسەر هاوڵاتیان دەگیرێتەوە و نرخی نەوت زیاتر لە ٧٧ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک و ستەمی پاشەكەوت بەردەوامە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەبێ ڕاوێژکردن بە سەرۆکی فراکسیۆنەکان، پرۆگرامێكی كاری بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ داناوە، كە هیچ خاڵێكی پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیان تێدا نییە.
هەروەها ئەوەشی وت: زیاتر لە ٥٥ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی ئەم خولەی پەرلەمانەوە تێپەڕدەبێت پەرلەمان هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجامنەداوە، پێشتریش سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریاندابوو یەكەم كاری دانیشتنی پەرلەمان، پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازیی مووچە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەکان بێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پرۆژەیە لە بەرنامەی كاری دانیشتنەکەدا نییە، بۆیە بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەكەین.
بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، ئەمڕۆ پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر ٩ خاڵ دەکات، کە تیایدا پرۆژه یاسای (بهركاركردنی یاسای نههێشتنی بازرگانیكردن به مرۆڤ ژماره (٢٨)ی ساڵی ٢٠١٢ی عێراق له ههرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژه بڕیاری به جینۆسـایدناسـاندنی كارهسـاتی شنـگال دەکرێت.
دەقی کارنامەی دانیشتنەکە:
ب.ل