دوای فەرمانی ٢٠١٤ی سەر ئێزدییەکان، هەنگاوە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکرات لە خانەسورەوە دەستیپێکرد، چونکە خانەسور سەرچاوەی سیستمی نوێ بوو، بەڵام دەوڵەتی تورک بەهاوکاریی پەدەکە ئامادەکاریی بۆ هێرش و داگیرکردنی خانەسور دەکرد.
بۆ جاری یەکەم لە مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدییدا، ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ لەبری ئاوارەبوون بەرخۆدانیان هەڵبژارد دژی چەتەکانی داعش، لەسایەی ئەو بەرخۆدانەشەوە کە بە دامەزراندنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە ئەنجامگیربوو، توانییان شەنگال لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگاربکەن.
لەدوای ئازادکردنەوەی شەنگال، ئێزدییەکان هەنگاوێکی مێژووییان نا، ئەویش بڕیاردان بوو لە دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی لە شەنگال و دەوروبەری، یەکەم هەنگاوی دامەزراندنی ئەو سیستمەش لە خانەسورەوە دەستیپێکرد.
خانەسور دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای چیای شەنگال و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارەدێی سنونێیە، پێش هێرشی ساڵی ٢٠١٤ی چەتەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٥٠ هەزار کەس بوون، دەکەوێتە نزیک سنووری ڕۆژئاوای کوردستانەوە و یەکێک بوو لەو ناوچانەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکرا.
شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە کە بەهانای ئێزدییەکانەوە چووبوون، سەرەتا گەمارۆی چەتەکانی داعشیان لە هێڵی خانەسور تێکشکاند و خۆیان گەیاندە چیای شەنگال، بەوەش ڕێڕەوێک لەنێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستاندا کرایەوە و دەیان هەزار هاوڵاتی ڕزگارکران، لەڕێگەی خانەسورەوە چەک و تەقەمەنیی ڕەوانەی شەڕڤانان کرا.
شەڕڤانان و گەریلاکانی پەکەکە خانەسوریان کردە ناوچەیەکی ئارام بۆ خەڵک، بەوەش خانەسور بووە یەکەم ناوچە کە ئێزدییەکان هەنگاوە سەرەتاییەکانیان تێدا هەڵهێنا.
دەوڵەتی تورک و پەدەکە هەڕەشەیان بۆ شەنگال دەستپێکرد
لەگەڵ ڕاگەیاندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی لە شەنگال، هێشتا شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتبوو و ناوچە داگیرکراوەکان ڕزگار دەکران، بەڵام ئەوە بەدڵی دەوڵەتی تورک و پەدەکە نەبوو، بەئاشکرا هەڕەشە و هێرشیان لەدژی شەنگال دەکرد و دەیانویست خانەسور داگیربکەن.
دەوڵەتی تورک هەرزوو دەستی بە جموجوڵ کرد دژی شەنگال، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە کۆبوونەوە کرد لەگەڵ پەدەکە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ٢٠١٥ بارەگایەکی سەربازییان لە ناوچەی بەعشیقە دامەزراند و هەزاران سەربازیان بەناوی مەشق و ڕاهێنانەوە لەو سەربازگەیە جێگیرکرد.
بەر لە هێرشی پەدەکە بۆ خانەسور، بەرپرسانی پەدەکە لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، وەیسی قەیناق، جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاندبوو ‘ئەگەر ئەگەر پێشمەرگە نەتوانن ئەوانە لە شەنگال دەربکەن، ئێمە دەریان دەکەین’.
ڕۆژی ٢ی ئازاری ٢٠١٧ هێرشی پەدەکە بۆ خانەسور دەستیپێکرد و پەدەکە بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە، گروپێک چەتەی ڕەوانەی خانەسور کرد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزەکە گەیشتنە نێوان سنوونێ و خانەسور، دوای گەیشتنیان دەستیان بە هەڵکەندنی خەندەق کرد، بەڵام خەڵکی ناوچەکە ڕۆیشتن و ڕێگرییان لێکردن.
ڕۆژی ٣ی ئازار بەرپرسانی یەبەشە گفتوگۆیان لەگەڵ فەرماندەیی گروپە چەتەکاندا دەستپێکرد، هێشتا گفتوگۆکان کۆتاییان نەهاتبوو چەتەکان هێرشیان بۆ خانەسور دەستپێکرد، بە ٣٠ تانک و زرێپۆشەوە هێرشیان کردە سەر خانەسور و شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و بەوشێوەیە شەڕ دەستیپێکرد، ئەو چەکانەشی چەتەکان بەکاریان دەهێنا، لەلایەن ئەڵمانیاوە بۆ شەڕی داعش دابینکرابوون.
لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکەدا دوو گەریلای هەپەگە هەوڵیاندا نێوەندگیریی بکەن و ڕێگەنەدەن شەڕ ڕووبدات، بەبێ ئەوەی چەکیان پێ بێت ڕۆیشتن بۆ ڕێگرییکردن لە زرێپۆشەکانی چەتەکان، بەڵام چەتەکان هەردوو گەریلاکەیان کردە ئامانج و شەهیدیان کردن، دیمەنەکانی ئەو ڕووداوە لە کوردستان و جیهان دەنگی دایەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەی چەتەکاندا سێ ڕۆژنامەنووس برینداربوون، کە یەکێکیان ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان بوو، دوای ١٩ ڕۆژ لە برینداربوونیشی نوژیان ئەرهان ڕۆژی ٢٢ی ئازار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو.
دوای سێ کاتژمێر شەڕ، لەسەر داوای چەتەکان شەڕ ڕاگیرا، بەڵام چەتەکان لە ناوچەکە جێگیربوون، بۆ کشانەوەی ئەو هێزانەش هەزاران هاوڵاتیی ئێزدیی و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و چوونە سەنگەری چەتەکان و داوایان لێکردن لە ناوچەکە بکشێنەوە، بەڵام چەتەکان هێرشیان کردە سەر ڕێپێوانەکە و بە فیشەک وەڵامی داواکارییەکانیانی بۆ ئاشتیی دایەوە، لە ئەنجامیشدا ژنێک بەناوی نازێ نایف شەهیدبوو.
هەرچەندە ئەو هێرشە بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە بوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان، خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ئاشکرایکرد، کە ئەو هێز و گروپانەی بەشداربوون لەو هێرشەدا بریتیبوون لە؛ گورگە بۆرەکان، زێرەڤانی، حەشدی وەتەنی، میتی تورک و چەکدارانی پەدەکە و چەکدارانی “پێشمەرگەی ڕۆژ” بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردبوو.
گورگە بۆرەکان
ئەندامانی ئەو گروپە لە بارەگای سوپای تورک لە بەعشیقە جێگیربوون و بەفەرمانی میتی تورک جموجوڵ دەکەن، تەنانەت شاهیدحاڵان باس لەوە دەکەن، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو گروپە بە جلی پێشمەرگەی ڕۆژەوە بەشدارییان لەو هێرشەدا کردووە و بەزمانی تورکی قسەیان کردووە.
حەشدی وەتەنی کێیە؟
پێکهاتووە لە هۆزە عەرەبییە سوننەکانی سنووری موسڵ و ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری ئەوکاتی موسڵەوە بەهاوکاریی دەوڵەتی تورک دروستکراوە و لە بارەگای بەعشیقەی دەوڵەتی تورک مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە.
دوای جێگیربوونی هێزەکانی پەدەکە لەو ناوچانە و سەنگەرلێدان دژ بە هێزە کوردییەکانی پارێزەری شەنگال، ساڵی ٢٠١٧ دوای ڕیفراندۆم، شەنگالیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ماددەی ١٤٠ بۆ حەشدی شەعبیی چۆڵکرا و ئەو چەتانەش هەڵهاتن.
دوای شکستهێنانی ئەو پیلانە داگیرکارییەی، دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرشی ئاسمانیی کرد بۆ شەنگال، لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ بۆ جاری یەکەم شەنگال لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی تورکیاوە بۆردوومان کرا، هەتائێستاش ئەو هێرشانە دژی شەنگال و خانەسور بەردەوامن و ڕۆژی ٧ی ١١ی ٢٠٢١یش مەروان بەدەل، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەریی شەنگال لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوو.
پێنج ساڵ بەسەر هێرشەکەی خانەسوردا تێپەڕبووە، ئێستا خانەسور بەتەواویی سیستمەکەی خۆی ڕێکخستووە کە هێرشکاران هەوڵیان دەدا تێکیبدەن، ئێستا پێشەنگایەتیی بۆ جێگیربوونی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دەکات لە سەرانسەری شەنگال.
ب.ل