ئەم بابەتە، کورتەیەکە لە مێژووی خەبات و بەرخۆدانی ناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان و تورکیا و بیرەوەریی کەسێکە بەناوی “حەسەن بەڵەدە”، کە خەڵکی شاری شابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خۆی لە زیندانێکی دەوڵەتی تورک ماوەتەوە و شایەتحاڵی مانگرتنێکی زیندانیان بووە، لێرەدا ڕۆژنیوز ئەم بابەتە وەک دەق بڵاو دەکاتەوە، کە حەسەن بەڵەدە، نووسیوێتی.

لە کۆتایی ساڵی ٢١٦ـدا چوومە باکوری کوردستان تا لە زانکۆی مێردیندا بەشی ماستەری کوردناسی بخوێنم، بەڵام چارەنووس وابوو کە لە زیندانی مێردیندا کورد بناسم، دەرفەتێکم بۆ هەڵکەوت تا لە نزیکەوە چاوم بە خەبات و خۆڕاگری و ئێش و ئازارەکانی کوردستان بکەوێت، ئەگەرچی تەنیا کەمتر لە چوار مانگ لەوێ مامەوە بەڵام زیادتر لە چوار مانگ پێویستە بۆ باسکردنی ئەو ڕووداوانەی کە بینیم، زۆرجار ویستوومە گۆشەیەک لەو پێشهاتانە بنووسمەوە بەڵام بەڕاستی خۆمم لەو ئاستەدا نەبینیوە و بە ڕەوام نەزانیوە کە لە زاری کەسێکی بچووکەوە باسی ئەو کەسایەتییە گەورانە بکرێت، نەوەکو بە شێوەی پێویست نەتوانم بەیانیان بکەم، لەم ڕۆژانە کە چالاکیی مانگرتن لەخواردن بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد،٤٩ ڕۆژی تێپەڕاندووە، بۆ ئەوەی خەلکی پارچەکانی دیکە باشتر کەشی زاڵبەسەرزیندانەکانی باکوری وڵاتەوە بناسن و گرنگیی ئەو بەرخۆدانەی کە لە زیندان لە ئارادایە بوترێت، دەمەوێت ئاماژەیەک بە مێژووی بەرخۆدانی نێو زیندان و دەستکەوتەکانی و هەروەها بیرەوەرییەکی خۆم لەو کاتەی کە لە زینداندا چالاکی مانگرتن لەخواردن بەڕێوەچوو بکەم، هیوادارم بتوانم گۆشەیەک هەرچەند بچووک لەو داستانانە بێنمە سەر کاغەز.
هەروەک ئاگادارن لە ٧٠ـاکاندا، بزاڤی پەکەکە وەکو یەکەم بزاڤ دوای چوار دەیە بێدەنگییەکی کوشندە لە ئەو پەڕی چەوساندنەوه و بێهیوایی گەلی کوردەوە لەو پارچەیەدا دەستی بە خەبات کرد و توانیی لە ماوەیەکی کورتدا گەلی کورد لەگەڵ مێژووی کوردستاندا ئاشت بکاتەوە و ببێتە دەنگێکی بەهێز بۆ خەبات لە باکوری وڵات، لەو ساڵانەدا دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزێکی خۆی دەستیکردبوو بە قڕکردنی ئەم خەباتە و دەیەویست ڕێگە بە گەشەکردنی ئەم نەمامە بگرێت و لە ئەنجامدا توانی هەژمارێکی بەرچاو لە ئەندامانی تەڤگەر بناسێت و دەستگیریان بکات، پاش دەستگیرکردنی بەشەپۆلی زۆربەی ئەندامانی پەکەکە، پلانی بۆ لەنێوبردنی ورە و شکاندنی کەسایەتیی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی وڵات لە زیندانەکاندا دانا و ویستی بە شکاندنی کەسایەتیی ئەم کەسانە کە پێشەنگی کۆمەڵگا بوون، نمونەیەک لە هەندێک کەسایەتیی سەرشۆڕ و بێئرادە بۆ هەموو گەلی کورد دروست بکات، دەیەویست وابکات کە چیتر هیوای ڕزگاری لە نێو دڵیشیاندا هەڵنەتۆقێت و بەیەکجاری لەناویان بەرێت، هەموو پلانەکانیان بە لۆجیک بوون بەڵام بیریان لەوە نەکردبووەوە کە ئەم نەمامە تادێت گەورەتر و گەشاوەتر دەبێتەوە و تەنانەت نەبوونی ئاویش ناتوانێت سیسی بکات.
لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتادا یەکەمین قۆناخی ئەم پلانە نەگریسە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و بە هەزاران کەس دەستگیرکران، دوەمین قۆناخی ئەم پلانە هەر وەک باس کرا بێئرادەکردنیان بوو کە لە پێناو ئەم ئامانجە لە هیچ هەولێکی دڕندانە درێغ نەکرا، چ بە شێوەی جەستەیی و چ لە لایەن دەروونییەوە دەستیان دابوو بە ئەشکەنجەکردن و تا ئەو ئاستە نامڕۆڤایەتیی خۆیانیان سەڵماندبوو کە زیندانی ئامەد کەوتبووەتە نێو ڕێزبەندیی زیندانە سامناکەکانی جیهانەوە، لەو ساڵانەدا هەندێک شێوازی ئەشکەنجەی نوێ بەکارهێنرا، بۆ نموونە زیندانییان ناچار دەکران یان سرودە فاشیستییەکانی تورکەکان بخوێننەوە یان لە نێو پاشماوەی تەوالتەکاندا دانیشن، قۆناخی سێهەمی پلانەکە ئەوە بوو کە بە شێوەی بەکۆمەڵ و لەبەر چاوی جەماوەرەوە بیانباتە دادگاکانەوە تا لەوێ گەل لەناوچوونی ورەی ڕۆلە شۆڕشگێڕەکانیان ببینن و چیتر بیر لە هەستانەوە نەکەنەوە.
هەر لەو کاتەدا کادرە پێشەنگەکانی ڕێکخستن بڕیاریاندا تا بە فیداکردنی خۆیان ئەم پلانە پێچەوانە بکەنەوە و ڕووبەڕووی داگیرکەر ببنەوە، بڕیاری بەرخۆدان لە دوو بەش پێکدەهات و هەر کام لەو بەشانە بە باشترین شێوە بەڕێوەچوون، بەشی یەکەم خەباتی نێو زیندان بوو کە بە چەند شێوازی جۆراوجۆر دەکران و یەکێک لەو شێوازانە مانگرتن لەخواردن بوو، لە ساڵی ١٩٨٢ـدا هەڤاڵان کەمال پیر، محەمەد خێری دورموش، عاکیف ییلماز و عەلی چیچێک دەستیانکرد بەو چالاکییە و هەر یەک لەو کەسانە تا دوا ساتەکانی ژیانیان لەسەر بڕیارەکەیان پاشگەز نەبوونەوە و گیانی خۆیانیان فیدای ئازادی گەلەکەیان کرد، شێوازێکی دیکەی خەباتی نێو زیندانبوو، کە لە لایەن هەڤاڵ مەزلوم دوغانەوە هەڵبژێردرا، ئەوە بوو کە جەستەی خۆی کرد بە سووتەمەنی بۆ ئاگری نەورۆز(لەو سەردەمە پیرۆزکردنی نەورۆز وەکو هێمایەکی نەتەوەیی کورد بە هەموو شێوەیێک قەدەخە بوو) تا بە گەلەکەی نیشان بدات تەنانەت ئەگەر بە سووتاندنی جەستەی خۆشمان بووە، دەبێت پارێزگاری لە نرخە نیشتمانییەکانمان بکەین و خۆڕاگر بین، دوای ئەو چالاکییە چوار هەڤالی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد کورتای، نەجمی ئونەر، مەحمود زەنگی و ئەشرەف ئانیک بۆ دووپاتکردنەوەی ڕێگای هەڤال مەزلوم و نیشاندانی ئیرادەی بەرخۆدانی نێو زیندان پێکەوە ئاگر لە جەستەی خۆیان بەردا، یان بۆ نموونە هەڤاڵ سارا (ساکینە جانسز) کە پێشەنگایەتیی هەڤاڵانی ژنی دەکرد هەمیشە بە دەنگی بەرز بە وتنەوەی دروشمی نیشتمانپەروەرانەبەبەر چاوی ئەشکەنجەدەراندا و تەنانەت بە شەڕی دەستەویەخە و مانگرتن لەخواردن ئەو خەباتەی پێش دەخست، ئامانجی هەمووی ئەم چالاکییانە پێدانی ورە بە هەڤاڵانی ناوزیندان بوو تا هەڤاڵانی دیکەیان لەبیر نەکەن و بەرگەی ئەو هەموو ئەشکەنجانە بگرن.
بەشی دووهەمی بریارەکە لە دەرەوەی زیندان و لە نێو دادگاکاندا بەڕێوەچوو، لەناو ئەو نمایشانە کە داگیرکەر بۆ شکاندنی ورەی گەل پلانی بۆ داڕشتبوو و جەماوەری بانگهێشت دەکرد بۆ بینینی، هەڤاڵان بڕیاریاندا بە دەنگی بەرز پارێزگاری لە وڵات بکەن و بە دەنگی قێڕینی “بژی کوردستان”، “بمرێ فاشیزم” و …، هاوکات کە دڵی هەڤاڵانی تریان دەهەژاند، پەردەی گوێچکەی دادوەر و تەختی فاشیزمیشی بە لەرزە دەهێنا و دوابەدوای هەر دادگایەک هەم بەرخۆدانی ناوزیندانبەهێزتر دەبوو و هەم پەیوەستبوونی گەل بە ڕیزەکانی بزوتنەوە زیادی دەکرد، دوای تێکچوونی پلانی داگیرکەران بۆ ئەوەی داستانی زیادتر نەخولقێندرێت و دوای کۆدەتای عەسکەریی سەرەتای دەیەی ٩٠ ناچار بوون دەست لەو پلانە هەڵگرن.
هەڵبەت زۆر جار هەولیانداوە کە دیسان بە دروستکردنی کەشی ترس و ئەشکەنجە لەناو زیندانەکاندا دیسان بەرخۆدانیزیندانتێکبشکێنن، بەڵام هەموو جارێک بە وشیاریی زیندانییان و زانینی مێژووی ڕابردووی خۆیان ئەم پلانە بۆیان جێبەجێ نەکراوە و ناشکرێت، بۆ نموونە لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٢ـدا، هەڤاڵانی ناو زیندان بڕیاریاندا بۆ پارێزوانی لە زمانی دایکی و دانپێدانان بەو زمانە لە لایەن داگیرکەرەوە، لە نێو دادگاکان بە زمانی کوردی بەرگری لە خۆیان بکەن و دادگا ناچار بکرێت کە وەرگێڕ دابین بکات، بەڵام دیسان ئەم بڕیارە وەکوو ئەوەی کە چاوەڕوان کرا لە لایەن داگیرکەرەوە پەسەند نەکرا و تا دوو ساڵ هەمووی ئەوانەی کە ئامادە نەبوون کە لەناو دادگادا بە زمانی تورکی قسە بکەن، دادگایان دوا دەخرایەوە و لەو هەڵومەرجەدا دیسان زیندانییان بە پێڕەوی لە ڕێبازی پێشەنگەکانیان و بەکۆمەڵ دەستیان کرد بە مانگرتن لە خواردن و دوای ٦٨ ڕۆژ لەو مانگرتنە، داگیرکەری تورک ناچار بوو مافی پاراستن بە زمانی کوردی لەناو دادگاکاندا قبووڵ بکات.
لە ساڵی ٢٠١٧ کە ئەو کاتە منیش لە زینداندا بووم دیسان هەر لەسەر ئەو ڕێبازە و بۆ داواکردنی مافی پەروەردە بە زمانی کوردی و هەروەها لابردنی گۆشەگیریی سەر سەرۆکایەتی، ڕێکخستن بڕیاری مانگرتنی سنوورداری دا و بڕیار بوو بە شێوەی یەک لەدوای یەک و هەر جارێک پێنج هەڤاڵ لە هەر زیندانێکدا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مان لەخواردن بگرن و ئەم چالاکییە بۆ ماوەی یەک مانگ بەڕێوەبچێت، ئەم بڕیارە لەنا زینداندا کەوتە دەنگدانەوە و زۆربەی هەرە زۆری هەڤاڵان پێشنیاریان کرد لە دەوری یەکەمدا بەشدار بن بەڵام لەبەر ئەوەی کە هەر دەورێک تەنیا پێنج کەس تێدا بەشدار دەبوون، لە هەر سێ بەش یەک کەس هەڵبژێردرا و پێنج هەڤاڵ دەستیان بە مانگرتن لەخواردن کرد (ئەو کاتە لە زیندانی مێردیندا لە ١٣ بەشی هەڤاڵانی پیاو و نزیکەی ٣٦٠ کەسی تێدا دەماینەوە و هەڤاڵانی ژنیش لە سێ بەش و نزیکەی ٧٠ کەس پێکدەهاتن)، لە ڕۆژی یەکەمی مانگرتندا بۆ لەناوبردنی چالاکییەکە و ترساندنی زیندانییان، بڕیاری دوورخستنەوە بۆ ئەستەمبۆل بۆ هەر پێنج هەڤاڵەکە دەرکرا و ئەم بڕیارە بەڕاستی بڕیارێکی قورس بوو چۆن هەم هەڵومەرجی زیندانەکانی تورکیا زۆر خراپتر لە زیندانەکانی باکورە و هەم بۆ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان زۆر ئەستەمە بچنە سەردانیان، یەکێک لەو پێنج کەسە هەڤاڵ ڕیدڤان بوو، هەڤاڵ ڕیدڤان خەلکی دێرکی سەر بە مێردین بوو و خاوەن پێنج منداڵ بوو، دوای ئەوەی کە هەڤاڵان ئاگاداری ئەو بڕیارە کرانەوە، هەر هەڤاڵێک پێشنیارێکی کرد، هەڤاڵێک وتی بەرخۆدان بکەین و ئێمە لەم بەشە ٢٦ کەسین و ناهێڵین کەسێکیان بێتە ژوورەوە بەڵام دوای قسەیەکی زۆر لەسەر پێشنیاری هەڤاڵە کۆنەکان بڕیاردرا چالاکییەکی لەم شێوەیە نەکرێت و دواتر ڕێکارێکی دیکە بگردرێتە بەر، ئەو ئێوارانە کە هەڤاڵ ڕیدڤان و ئەو چوار کەسەکە (من ئەوانم نەدەناسی لەبەر ئەوەی کە لە بەشی ئێمەدا نەبوون) دوور خرانەوە، پێش دوورخرانەوەیان هەموو بەشەکەی ئێمە وەکوو نەریتی ‘خاترخوەستن’ جلە فەرمییەکانمان پۆشیی و لەناو هەوشە بچووکەکەی زینداندا، مەراسمی ماڵئاوایی و سۆزدانمان بەڕێوە برد، هەڤاڵ ڕیدڤان یەک بە یەک لە ئامێزی دەگرتین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخواستین، کە نۆرەی من هات تەنیا توانیم بە ڕژاندنی فرمێسک ماڵئاوایی لێبکەم و ئەویش بە پێکەنین و ورەی تەواوەوە لەئامێزی گرتم.
ڕۆژی دواتر گرووپی دووەم نەکەوتە چالاکی مانگرتنەوە و بڕیار درا ڕێکارەکان بخرێنە دەنگدانەوە، هەندێک هەڤاڵ پێیان وابوو دەبێت هەموومان پێکەوە ئەو چالاکییە بەڕێوەببەین بەڵام لەکۆتاییدا بڕیاردرا گروپی دووەم لە بڕی پێنج کەس شەست هەڤاڵ پێکەوە ئەو چالاکییە بکەن و ئەگەر هەموویان دوور بخرێنەوە ئەم جارە هەموو ئەوانەی کە لە سەرەتادا ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییە ڕاگەیاندبوو بکەونە چالاکی، پێنج ڕۆژی مانگرتنی شەست هەڤاڵەکە بەڕێوەچوو و ئەم جارە بەرپرسانی زیندان نەیانوێرا کەسێکیان دوور بخەنەوە و هەر وەکو ئەوەی کە ڕێکخستن بڕیاری دابوو گروپەکانی دیکە بە شێوەی پێنج کەسی تا کۆتایی بڕیارەکە، چالاکییان بەڕێوەبرد و جارێکی دیکە بە بەرپرسانی زیندان سەلماندیان کە ناتوانن بەرخۆدانی ناوزیندان سەرکوت بکەن، بۆ ئەو هەڤاڵانەش کە دوور خرانەوە بریار درا بۆ سێ کەسیان کە باری داراییان باش نەبوو یارمەتی کۆبکرێتەوە تا بنەماڵەکانیان بتوانن سەردانیان بکەن و لە یەکەمین چاوپێکەوتنی مانگانەدا هەموو ٤٣٠ هەڤاڵی ناوزیندان بەپێی دەرفەتی بنەماڵەکانیان هەر یەک و بڕێک پارەیان بە شاراوە لە بنەماڵەکانیان وەرگرت (لە نێو زینداندا هەڵگرتنی پارە قەدەخەیە) و دوای کۆکردنەوەیان لە ڕێگەی پارێزەری یەکێک لە هەڤاڵان یان لە یەکەمین چاوپێکەوتنی کراوەی مانگانەدا بۆ بنەماڵەکانیان نێردرا.
شایانی باسە دوای بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی بزوتنەوەی ئازادی لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا ئەگەرچی بەهۆی سیاسەتی لەسێدارەدان و شەهیدکردنی هەڤالان و هەروەها پەرتەوازەکردنیان لە شوێنە جیاجیاکاندا و بایکۆتی چالاکییەکانیان لە لایەن زۆربەی میدیاکانی فارسەوە، ئەم لایەنە لە بەرخۆدانی ناوزیندان تا ڕادەیێک کەمڕەنگ کراوەتەوە بەڵام بە پێشەنگایەتیی هەڤال “زەینەب جەلالیان” دەستیپێکردووە و لە لایەن هەڤالانی دیکەی ناوزیندانەوە بە شێوازی جۆراوجۆر وەکو مانگرتن لەخواردن یان پشتگیریکردن لە خەباتی کوردستان بە شێوەی نووسینی ڕاگەیێندراوی بەکۆمەڵ و هەروەها ڕێکخستنی زیندانیەکانی دیکەی ناوزیندان درێژەی پێدەدرێت.
ب.ک