د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆمەڵکوژیی شەنگال بە جینۆسایدی مرۆڤایەتیی ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت: عێراق لە ڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە دەیەوێت ئەوانە سزا بدات، کە لە ئاست شەنگال کەمتەرخەم بوون و بوونەهۆی کۆنترۆڵکردنی.
د.بەرهەم ساڵح، سەرپەرشتیی کۆنگرەی شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگال دەکات، کە بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامیی هەیە.
بەرهەم ساڵح لە وتارەکەیدا، وتی، ئەوەی شەش ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجام در، تاوانێکە وەک جینۆسایدکردنی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت، وتیشی: لە ئێستادا حکومەتی عێراق لە ڕێگای پڕۆژەیاسایەکەوە دەیەوێت قوربانیانی دەستی داعش قەرەبووبکاتەوە و ئەوانەشی لەئاست ئەو تاوانەدا کەمتەرخەم بوون، بە سزای یاسایی بگەیەنێت.
سەرۆک کۆمار، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە لە کۆی شەش هەزار کەس، تائێستا چارەنوسی دو هەزار و ٥٠٠ ئێزدی دەستی داعش نادیارە، هەربۆیە بە پێویستی دەزانن، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزیدییانە چڕبکرێتەوە.
هەروەها وتیشی، داوایان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە لەڕێگای پەسەندکردنی یاسایەک، کە ڕەشنووسەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەی کردووە، ماف و شایستەکان بۆ ڕزگاربوانی دەستی داعش دابین بکرێت.
جەختیشیکردەوە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت، کەمتەرخەم بوون و بونەتە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە.
بەرهەم ساڵح، باسی لەوەش کرد، کە نزیکەی ٨٠ گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان هەیە کە هەڵنەدراونەتەوە و وەک بەڵگەی تاوانەکانی داعش شیکاریان بۆ نەکراوە، وتیشی: بەهاوکاریی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، هەوڵەکان بۆ بە دۆکیومێنتکردن بەڵگە و تاوانەکانی داعش بەردەوامن.
ش.ف