بەروبوومی کشتووکاڵیی قەدەغەکراو هاوردەی هەرێم دەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەروبوومی کشتوکاڵیی قەدەغەکراو بە نایاسایی دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.


وەزارەتی کشتوکاڵی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای دەکات، کە دوای ئەوەی سەردانی عەلوەی هەولێر-یان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە، "بەرهەمی هاوردەکراو بەشێوەی نایاسایی بوونی هەیە، وێڕای قدەغەکردنی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە".

لە نووسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا ئاماژە بە سێ خاڵ دراوە:

١.لیژنەکانی بەدواداچوونی پشکنینی بازاڕ لە پارێزگاکاندا بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت لە ئەستۆ دەگرن.

٢.هەر بەروبوومێکی قەدەغەکراو لە هەر قاتعێکی عەلوەکانی هەرێمی کوردستان بەدی بکرێت و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزای دارایی(غەرامە) دەکرێت.

٣.ئەم بڕیارە لە ١/١١/٢٠١٩ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ش.ف