بەرپرسێكی توركمان بەهۆی ڕێگریكردن لە داگیركردنی زەوی دەستگیركرا

بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان لە سنوری پارێزگای كەركوك، بەهۆی ڕێگریكردن لە داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵیەكانی لەیلان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە و پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكەوە، بۆ ماوەیەك دەستگیركراوە و دواتر بە كەفالەت ئازاد كراوە.


دوێنێ، محەمەد وەیس بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان، لە دادگای كەركوك بانگهشێت دەكرێت، دواتر بە بڕیاری دادوەر، بەتۆمەتی پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی ڕاكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و بڕیارەكانی دادگا، دەستگیردەكرێت.

 محەمەد وەیس، بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان، كە لە پێكهاتەی توركمانە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"چەند جارێك لە پارێزگاری كەركوك و دادگای كەركوكەوە نوسراو هاتووە، تا عەرەبی هاوردە بچنە سەر زەوییە كشتوكاڵیەكانی كورد و توركمان لە شارەدێی لەیلان، بەڵام من ڕێگریم لەو كارە كردووە و پابەند نەبووم بەو بڕیارانەی، كە دیمۆگرافیای ناوچەكە دەگۆڕێت".

وتیشی:"چەندین جار لەگەڵ پارێزگاری كەركوك كۆبوونەوەم ئەنجامداوە، بەڵام من ڕێگری لە كاری نایاسایی دەكەم، ئەو زەوییەی، كە موڵكی كورد و توركمانە، ڕێگە نادەم بە بڕیارێكی سیاسی، عەرەب دەستی بەسەردا بگرێت، ماف بۆ خاوەن مافە، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت مافی ئەوەی دیکە بخوات".

بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان ڕوونیشیكردووە:"بەهۆی پابەندنەبوونم بە بڕیاری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و دادگای كەركوك، لە لایەن دادگاوە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركراوم، دواتر بە كەفالەت ئازادكرام، بەڵام هیچ ماددەیەكی یاسایی نییە كە منی پێ تۆمتبار بكرێت، من كاری یاسایی خۆم كردووە و بەگوێرەی مادەی ١٤٠-ی دەستووری عێراق كارمكردووە، چونكە زەوییە كشتوكاڵیەكانی ناوچەكە بەشێكیان تاپۆی ساڵی ١٩٥٧-یان هەیە، بۆیە ناكرێت دەست بەسەر موڵك و زەویی هاوڵاتیاندا بگیرێت، ئەگەر لە كارەكەشم دووربخرێمەوە، هەمان هەڵوێستی ئێستام دەبێت".

د.ع