پێنجشەممە, 21 يون 2018 – 13:11 ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار
چەندین ساڵە ئاڵۆزیی لە ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە ئاڵۆزییەكان زیاتر بوون، شارەدێی قەرەتەپەش یەكێكە لەو ناوچانە و بێ بەش نەبووە لە ئاڵۆزیی و هێرشی چەكداریی.
محەمەد عومەر، بەرپرسی كۆمێتەی قەرەتەپەی یەكێتی نیشیتمانی كوردستان، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و ڕیفراندۆمەوە، جموجوڵی چەتەكانی داعش لە سنوری شارەدێی قەرەتەپە زۆر زیادی كردوە، بە شێوەیەك بە ئاشكرا و بە ڕۆژی نیوەڕۆ بە ژمارەیەك سەیارە و چەكەوە، گوند بە گوند دەگەڕێن و كەس نیە ڕێگیریان لێ بكات، داعش بەزۆریی لە نزیك دەریاچەی حەمرین و ناوچەی لهێب و گوندەكانی خوارووی قەرەتەپە دەسەڵاتیان زیادی كردووە.
بەرپرسەكەی یەكێتی باسی لەوەشكرد: ئەو جموجوڵانەی ئێستای داعش دەیكات لە سنورەكە پلانێكی مەترسیدارە، چونكە ئەوان تەنها خۆیان ڕێكدەخەنەوە، ئەگەر بێت و سوپا و پێشمەرگە هەماهەنگ نەبن ئەوا مەترسی داگیركردنی قەرەتەپە لە لایەن داعشەوە، ئەگەرێكی زۆر نزیكە.
وتیشی: لە ئێستادا بەهۆی مەترسی جموجوڵەكانی داعشەوە، ڕۆژانە دانیشتوانی قەرەتەپە و دەوروبەری لە هەموو نەتەوەكان، شوێنی خۆیان جێدەهێڵن و ڕوو لە ناوچە ئارامەكانی پارێزگای دیالە و هەرێمی كوردستان دەكەن.
شارەدێی قەرەتەپە سەربە شارۆچكەی خانەقینە و دانیشتوانەكەی لە هەر سێ نەتەوەی كورد و عەرەب و توركمان پێكهاتووە و دەكەوێتە باشووری شارۆچكەی كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان.
ك.ك