بەرپرسێکی یەکێتی: تورکیا هاوکاریی چەتەکانی داعش لە خانەقین دەکات

به‌رپرسێكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سنووری قەرەتەپە، ئاماژە بە جموجۆڵەکانی چەتەکانی داعش دەکات لە سنووری قەرەتەپە و خانەقین دەڵێت، کە چەتەکان بە ئاشکرا لەو سنوورە هاتووچۆ دەکەن و هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەکەن، دەشڵێت، کە چەتەکان هاوکاریی دەکرێن و دەوڵەتی تورکیش هاوکاری سەرەکی چەتەکانی داعشە لە عێراق و سوریا.


ماوەیەکە چەتەکانی داعش لە سنووری شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په‌ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قین جموجۆڵیان زیادی کردووە و دەغڵودانی هاوڵاتیان دەستوتێنن و هاوڵاتیان دەڕفێنن و بە پارە سەربەستیان دەکەن، بوونەتە هەڕەشە بۆسەر هاوڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکان.

محه‌مه‌د حاجی عومه‌ر، به‌رپرسی كۆمیته‌ی  قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، لەسەر جموجوڵی چەتەکانی داعش لەو سنوورە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ناوچه‌ی حه‌مرین به‌هۆی هاوسنووری له‌گه‌ڵ گونده‌كانی باشوری قه‌ره‌ته‌په‌، بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ته‌كان به‌ ئاشكار و به‌ ڕۆژ و شه‌و له‌و گوندانە هاتووچۆ بكه‌ن و ترسیان نه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر گونده‌كاندا سه‌پاندووه.

وتیشی: به‌هۆی خراپی مامه‌ڵه‌ی چه‌ته‌كانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دانیشتوانی گونده‌كان، له‌ماوه‌ی دوو مانگدا، زیاتر له‌ ١٥ ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان وازیان له‌كاركردن هێناوه‌، حكومه‌تی ناوه‌ندیش توانای پاراستنی ئه‌و گوندانه‌ی نه‌ماوه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ ڕێگا خۆشكه‌ر بۆ داعش.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی لەسەر توانای چەتەکانی داعش و هاوکاریی کردنیان وتی: خه‌ڵكی جۆراوجۆرییان تێدایه‌، وه‌ك خه‌ڵكی قه‌ره‌ته‌په‌ و ده‌ووروبه‌ری و كورد و بیانیشیان تێدایه‌ و له‌ سوریا و هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بییه‌وه‌ چه‌ته‌یان بۆ هاتووه‌.

مەحەمد حاجی عوومەر دڵنیایە لەوەی، ئەو گروپە چەتانە پشتیوانییان هەیە و وتی: من بۆخوم زیاتر گومانم لە تورکیا هەیە هاوکارییان بکات، چونکە هاوکاریکردنی چەتەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵگەیە، دەوڵەتی تورک هاوکاری سەرەکی چەتەکانی داعشە لە عێراق و سوریا.

هەروەها وتی: چەتەکان خۆیشیان سه‌رانه‌ و باج له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هاوڵاتی ده‌ستگیرده‌كه‌ن و به‌ پاره‌ی زۆر سەربەستی دەکەن، له‌ ڕووی چه‌كیشه‌وه‌ كێ پشتیوانیانی كرد ئه‌وه‌ چه‌كیان بۆ دابین ده‌كات، توركیا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریی داعش ده‌كات چ له‌ ڕۆژئاوا و چ له‌ عێراق.

بەپێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ڕۆژنیوز كه‌وتوون، چه‌ته‌كانی داعش  له‌نێوان  پارێزگاكانی كه‌ركوك و دیاله‌ و سه‌لاحه‌دین هاتووچۆی زۆریان هه‌یه‌، لەناوچه‌ی حه‌مرین، سه‌ربازگه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بەناوی سه‌ربازگه‌ی عائیشه‌، تێیدا خۆكوژ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ئاماده‌ دەکەن، كه‌سێك به ‌ناوی ئه‌بو خه‌دیجه، کە ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵە سەرپەرشتیان دەکات.

د.ع