شەممە, 9 يون 2018 – 13:50 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە زاری زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی-ەوە چەندین زانیاریی سەبارەت بە پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و دەوڵەتی تورک ئاشکراکرد.
زوبێر عوسمان، ڕایگەیاندووە، کە ژمارەی بنکە و بارەگاکانی میت و سوپای دەوڵەتی تورک لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە لەهەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بووە و راشیگەیاندووە:”ناوچەکانی ژێر دەستی پارتی هەمووی کەوتووەتە دەست سوپای تورکیا و تێیدا حاکمن، تەنانەت لە ناوچەی سۆران ئاڵای تورکیایان هەڵکردووە”.
وتوشیەتی:”پارتی کەوتووەتە ژێر ڕکێفی تورکیا و سیاسەتەکانی تورکیا لە هەرێم و عیراق جێبەجێ دەکات، پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی پارتی لەخزمەت سوپای تورکیادان و وای لێهاتووە هیچ دۆڵ و چیا و شوێنێکی ئەو سنورە نەماوە بنکە و بارەگای تورکیای لێنەکرابێتەوە”.
زوبێر عوسمان، وتوشیەتی:”بەشێک لەشوێنە هەستیارەکانی ناوچەکانی ژێر دەستی پارتی بۆتە شوێنی کۆکردنەوەی زانیاریی و بنکە بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دانراوە و ئەو ناوچانەش شوێنی گرنگن و دەڕوانن بەسەر ئەو ناوچانەی یەکێتی تێدایە، ئەمەش بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دوژمنانی کورد”.
جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ئاشکراشیکردووە”لە ناوچەی کۆلیتار، کە لەتەنیشت چیای مامەڕوتەیە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی باڵەیان و بناری قەندیل کە پەکەکەی لێیە، بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەهێنرێت، تا لەوێوە زانیاری لەسەر پەکەکەو یەکێتی و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش کۆبکرێتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە:”تورکیا لەڕێی زانیارییی ئەو بنکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە هاوبەشەی پارتی و تورکیاوە بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەهۆی بۆردومانەکانیشەوە چەند هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بەر رەزو باخی گوندنشینانی ناوچەکان کەوتووە”.
ش.ف