بەرەی تورکمانی حکومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکات بە دەستێوەردانی کەرکوک

بەرەی تورکمانی سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیداڵی بۆ هەڵوەشانەوەی چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوای تانەی لیژنەیەکی پەرلەمانی هەرێم، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە دەستوەردان تۆمەتبار دەکات.


ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک، حەسەن تۆرهان، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی، سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بڕیاری دادگای فیداڵی بۆ هەڵوەشانەوەی چەند مادەیەکی یاساکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

سەبارەت بە ماددەی ١٢ی یاساکە، کە دوای ئەوەی لەلایەن دادگاوە هەڵوەشایەوە، بەجۆرێک گۆڕا، کە ئەگەر فۆڕمی خۆراك و ناوی دەنگدەران هاوتا نەبوو، ئەو کەسە ناتوانێت دەنگ بدات، حەسەن تۆرهان، وتی:"وای دەبینین کە دادگا لێکۆڵینەوەی لەو بابەتە نەکردووە، کە تایبەت بە تۆماری دەنگدەران، کە لەبنەڕەتدا بەپێی پسوڵەی خۆراکە".

بە وتەی تۆرهان"زۆربەی ئەوانەی بە پێی ماددەی ۱٤۰ فۆرمی خۆراکیان بۆ کەرکوک گواستووەتەوە خەڵکی کەرکوک نین" وتیشی: لەدەستوریشدا بە پێی مادەی ۲۳دەستوری عێراق جەخت لەوە دەکرێتەوە نابێت دیموگرافیای کەرکوک گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

حەسەن تۆرهان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە گوایە پێکهاتەکانی کەرکوک پێشتر ڕێککەوتبوون لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و وتی:"ئێمە وەک بەرەی تورکمانی وادەبینین کە دەسەڵاتدارنی هەرێم هەرکاتێک پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر بابەتێک ڕێکبەون دەستێوەردان دەکەن بۆ  ئەو ڕێککەوتنانە، داوایان لێدەکەین پابەند بن بە بڕیاری دادگای فیداڵی سەبارەت بە پوچڵکردنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم، داوش دەکەین خەم لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی خۆیان بخۆن، کە لە کاتی خۆی ئەنجام نەدراوە".

جێگای ئاماژەیە ماوەیەک پێش ئێستا لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە داداگای فیدراڵیی تانەی لە یاسای هەڵبژاردن دا و دەرئەنجام هەندێک ماددەی هەڵوەشێندرانەوە و بە سودی کورد هەموارکرانەوە.

ئەوە ماددانە بریتی بوون لە ماددەكانی ١٢و ١٦ و ١٧، كە ماددەی ١٢ باسی فۆڕمی خۆراك و ناوی دەنگدەرانە ئەگەر هاوتا نەبوو ناتوانێت دەنگ بدات، ماددەی ١٦ باسی لە ئاوارەكان كردبوو، کە ئەگەر لە ناو پارێزگای خۆی نەبون دەنگ نەدەن، مادەی ١٧دەبێت بە ناچاری دەنگ بدرێت ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە.

ش.ف