بەرەی دیموکراسیی گەل داوا دەکات بە گیانی یەکێتی نەتەوەییەوە خاوەنداریی لە ڕۆژئاوا بکەن

بەرەی دیموکراسیی گەل لە ڕاڕگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشان دەدات و داوا دەکات، گەلی کورد بەگیانی یەکیەتی نەتەوەییەوە خاوەنداریی لەڕۆژئاوای کوردستان بکات.


تەواوی ڕاگەیەندراوەکە

بەرامبەر ھێرشی دەوڵەتی تورکیا بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان و سەرکەوتن

لەپاش ماوەیەکی زۆر لە ھەڕەشە و خۆئامادەکردن بۆ ھێرشکردنە سەر باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. لەڕۆژی ٩⁄١٠⁄٢٠١٩ دا ھەڕەشەکانی کردە ڕاستی و پەلاماری ڕۆژئاوای دا.ڕۆژئاوای کوردستان کەلەشەڕی دژی داعش و کۆنەپەرستی و فاشیزمی دژەکورددا سەرکەوتنی مەزنی بەدەستھێناو توانی سیستەمێکی گونجاوی پێکەوەژیان لەناو گەلانی باکوری سوریادا دابمەزرێنێت و پڕئاسایش ترین ناوچە بەڕێوەببات کەتەواوی نەتەوەو پێکھاتەکان بە دڵنیایەوە تێایدا بژین و خۆیان بەخاوەنی دەسکەوتەکانی بزانن و بەرخۆدان و بەرگری لێبکەن.لەبری جیھانیش ئەو شەڕە بباتەوەو بەسەرکەوتنی بگەیەنێت.

بۆیە دەوڵەتی تورکی ئەکەپە- مەھەپە کەھەڵگری فاشستانەترین دید و بۆچوونە و لەدژایەتی کردنی گەلی کورددا کەمی نەکردوە و مانەوەی خۆی بە دژایەتی وسڕینەوەی گەلی کوردەوە گرێداوە، وبەبەردەوامی لەڕێگەی شەڕو فشارەکانیەوە دەیەوێت ئەو ئەزمونە جوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بسڕێتەوەو لەناوببات. ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان دیموکراتیترین ئەزمونی جوانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وجیھانە کەلەناو دەریای کۆنەپەرستی و فاشیزمی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆچارەسەری کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت گەلی کورد تێکۆشان دەکات.

بۆیە ئەو شەڕەی دەوڵەتی تورکیا لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێی خستوە لەدژی تەواوی گەلی کوڕدو ناسنامەکەیەتی. ئەوشەڕە بەتەنیا ڕوی لەڕۆژئاوای کوردستان نیە، بەڵکو ڕووی لە گەلی کوردو گەلانی باکوری سوڕیاوبەتایبەتتر باشوری کوردستان و ئازادیخوازانی جیھان و خاوەن ویژدانی زیندوی مرۆڤایەتیە. ئەو شەڕەی ھەیە شەڕی سێھەمی جیھانیە کەلەپێناوی داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکەدایەو بەھێرشانەی دەوڵەتی تورک دەیەوێت پێگەی کورد لەداڕشتنەوەی نەخشەی نوێدا نەبێت. ئەگەر لەدوای شەڕی یەکەمی جیھانیەوە بەپێی ڕێککەوتننامەی لۆزانی نێوان دەوڵەتە زلھێزەکانی جیھان گەلی کورد بە نەبوو سڕدراوە لەیاساو زھنی جیھاندا دانراو تەواوی ناوچەکە بەپێی ئەو پیلانگێڕیە ڕەنگڕێژکرا. ئەوا لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی شەڕی سێھەمی جیھانیدا دەیانەوێت ھەمان بەرگی نەبوو بەبەری گەلی کورددا بکەن. بەڵام گەلی کوردی ئەمڕۆ گەلی کوردی دوێنێ نیەو بەبێ ھاتنەدەرەوەی گەلی کوردو دانپێدانان بەناسنامەی نەتەوەیی و بەدەستھێنانێ پێگەی لەنەخشەی نوێی جیھان و ناوچەکەدا، قبوڵ ناکرێت.

پڕۆژەی گەلی کورد پێکەوەژیان و نەتەوەی دیموکراتیکە لەچوارچێوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و کۆنفێدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا وناسنامەی یاسایی جیھانیدا، کە ئەوە ناکۆک نیە لەگەڵ جاڕنامەی مافی مرۆڤی گەردونی و یاسا جیھانیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و مافی مرۆڤی یەکیەتی ئەوروپادا.

ھەروەھا ئەم ھێرشە تەنیا ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان نیەو تەواوی گەلی کورد پەیوەنددار دەکات. بێگومان پێویستە گەلی کوردیش بەیەکیەتی نەتەوەیی لەھەموو بەش و پارچەکانی کوردستاندا بەرامبەر بەو ھێرشە ڕاوەستێت و بەرخۆدان بکات و بەسەرکەوتن کەمتر ڕازی نەبێت. دەبێت گەلی کورد لەھەرکوێیەکە ئەوھێرشە بۆسەر خۆی و لەدژی خۆی ببینێت و بەپێی سیاسەتی شەڕو سڕینەوە خۆی ئامادەو بەڕێکخستن بکات. ھەروەھا پێویستە حیزبە سیاسیەکان، ڕێکخستنەکان، ھێزە سەربازی و چەکداریەکان، حیزبە دینی و ئیسلامیەکان، ڕاگەیاندنەکان لەم شەڕوو ھێرشەی دەوڵەتی تورکدا بەھوشیاریەوە جوڵەبکەن و نەکەونە بەرەی دەوڵەتی تورک و لەبەرامبەر تێکۆشانی گەلی کوردو پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی تێکۆشان و خەباتەکەیدا ھەستیاربن. بەوبۆنەوە داواکارین؛

یەکەم؛ گەلی کورد بەگیانی یەکیەتی نەتەوەییەوە خاوەنداری لەڕۆژئاوای کوردستان بکات و لەبەرامبەر ئەو شەڕەدا چی پێدەکرێت بیکات، تا شکاندنی داگیرکەری تورک و بە سەرکەوتن گەیاندنی ڕۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی ھێزی پاراستنی کوردستان و یەکخستنی ھێزە سەربازیەکان وەک نمونەی ڕۆژئاوای کوردستان.

دووەم؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان وحیزبە سیاسیەکانی باشور ببنە ھاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان و پێگەی خۆیان بۆ پشتیوانی و ڕاوەستانی ئەو شەڕە بەکاربێنن و سنورە داخراوەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم بەڕووی ڕۆژئاوادا واڵابکات و گەمارۆی سەرکەمپی مەخمورو شەنگاڵ ھەڵگرێت و گەمارۆو فشاری سەر پشتگیری گەل لەباشور بۆڕۆژئاوا ھەڵگرێت و ببێتە ھەڵگری خەمی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە پشتگیری ڕۆژئاواو ئاسانکاری بۆی.لەدەرەوەی ھاوکاری تێکۆشانی ڕۆژئاوای کوردستان، پڕوپاگەندەی کوردایەتیان دەکەوێتە ژێر گومانەوە.

سێھەم؛ ھەموو ئازادیخوازانی دونیا وەک چۆن لەپشتگیری ڕۆژئاوادا بۆشکاندنی داعش لەمەیدانەکاندا بوون بەھەمان گڕوتینەوە لە ناوەندەگرنگەکانی بڕیاربەدەستانی جیھاندا تێبکۆشن و فشاردروست بکەن تا ئەوھێرشە ڕابگیرێت.

چوارھەم؛ ناوەندە نێونەتەوەییەکان لەگەڵ پەیمانەکانی پاراستنی مافی مرۆڤدا ڕاستگۆبن و پشتگیری لەگەلی کورد بکەن و سنورێک بۆ ھۆڤێتی دەوڵەتی تورک دابنێن.

پێنجەم؛ ئەمریکاو ھاوپەیمانانی ڕاستگۆو بەبڕیاربن لەگەڵ ھاوپەیمانی گەلی کوردوخۆیان و ھیچ لایەکیش نەخاپێنن بەوەی کەھیچیان پێناکرێت، دەوڵەتی تورک پۆلیسی دەستی خۆیانەو دەتوانن ڕایبگرن. بۆیە داوادەکەین باڵادەستی خۆیان لەو پێناوەدا بەکاربھێنن وپشتگیری تاسەری ھاپەیمانی کوردان بن. چونکە ئەوە گەلی کوردبوو توانی ھۆڤێتی داعش ڕاگرێت.

شەشەم؛ لەھەموان داواکارین وەک دۆزێکی سیاسی نەتەوەیی ئەخلاقی نزیکی گەلی کورد ببنەوەو لەپێناوی چارەسەری کێشەی کورددا لەچوارچێوەی تێڕوانینی گەلی کورددا نزیکایەتی بکەن. نەک لە تێڕوانینی داگیرکەرانی کوردستانەوە، چونکە ئەوە چارەسەری ناھێنێت و دۆخەکە دژوارتر دەکات.

حەوتەم؛ داواکارین لە ڕاگەیاندنەکانی باشوڕی کوردستان، بەبینراوو بیستراوو نوسراوەوە، ئەگەر پشتگیری ڕۆژئاواناکەن، ئەوا بێلایەنانە وەک چۆن دەڵێن" ڕاستگۆیی لەگەیاندن" ئەوەبکەنە پێوەری ڕاگەیاندنەکانیان و لەچاوی تورکیاو لەناو خاکی تورکیاوە ھەواڵەکان بڵاونەکەنەوە. بەڵکو وەک شەڕێک کەدوولایەن تێیدا بەشدارە و لەگەڵ گەلەکەی خۆیاندا ھێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و دوولایەنی شەڕەکە بگوێزنەوە.

لەکۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێین، کەگەلی کورد بڕیاری داوە بەنرخی قوربانی وخوێنی گەورەش تا سەرکەوتن و بەدەستھێنانی ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر بنچینەی نەتەوەی دیموکراتیک دەستبەرداری تێکۆشان نەبێت و ئەوە بڕیاری سەرکەوتن، سەرکەوتن، سەرکەوتنە.

بەرەی دیموکراسی گەل

١٠⁄١٠⁄٢٠١٩

ش.ف