بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندرا و سبەینێ ڕێپێوان ئەنجامدەدەن

ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان-یان ڕاگەیاند، بڕیاریشە سبەینێ کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ لە شەقامی سالم (سەھۆڵەکە) ڕێپێوانێکی جەماوەریی بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدەن.


کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی، پەیوەندیدار بە دەستپێکردنی ھێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لە بارەگای نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

 دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئارام ھادی، چالاکوان و بەشداری کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کە بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕاگەیاندووە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لە یەکەم چالاکییاندا، بەرەکە سبەینێ کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ لە شاڕێی سالم (سەھۆڵەکە) بۆ بەردەم باخی گشتیی سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەریی بۆ پشتیوانییکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکدەخەن.

ئارام ھادی وێڕای ئیدانەکردنی ھێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا، داواشی لە ھاوڵاتیان و توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی کرد، کە بەشداریی لە ڕێپێوانەکەدا بکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپات بکەنەوە.

ب.ل