بەسێ هۆزات: ئەوەی پەکەکە بە داگیرکەر ناوببات پەیوەندیی بە کوردبوونەوە نییە

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێبەریی کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت، کە مێژوو لێپرسینەوە لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەبێت بارزانی سنووری خۆی بزانێت، دەشڵێت: ئەوانەی پەکەکە بە داگیرکەر ناودەبەن، هیچ پەیوەنییەکیان بە کوردبوونەوە نییە.


بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ئولکەدەن-ی تەلەفزیۆنی مەدیا هەبەر، وەڵامی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی دایەوە، کە پەکەکەی بە "داگیرکەر" ناوزەندکردبوو لە خاکی کوردستان.

بەسێ هۆزات، وتی: پەکەکە هێزێکی وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕە، ئێرە کوردستانە و خاکی گەلی کورد و گەریلایە، ئەگەر لەم نێوانەدا هێزێک داگیرکەربێت، ئەوە تورکیایە، ئەو کەسانەی دەڵێن پەکەکە داگیرکەرە، سنوورەکانی خۆیان نازانن، ئەو کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە وڵاتپارێزی و کوردبوون و دۆزی کوردەوە نییە، ئەوانە هاوبەشی داگیرکەرەکانن و لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیان دەجووڵێنەوە، جگە لەوە هیچ پێناسەیەکی دیکەیان بۆ ناکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا وتی: کورد لە هەر شوێنێک بێت دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەوڵی لەناوبردنی دەدات، ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن کورد و هەموو دەستکەوتەکانیان لەناودەبەین و لە هیچ پارچەیەکی کوردستان هەبوونی کورد قبوڵ ناکەین، هەر بەو ئەقڵییەتەشەوە کورد کۆمەڵکوژدەکەن، پشتگیریکردنی ئەو هێزانە دیارە بە چ واتایەکە، پەکەکە بەمشێوەیە وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە: پشتگیریکردنیان بە واتای قبوڵکردنی خۆیان وهەموو تاوانەکانیان لەدژی گەلی کوردە.

ئاماژەی بەوەشدا: ئاکەپە و مەهەپە نەک تەنیا پەکەکە، بەڵکو دەستکەوتەکانی باشوریشیان کردووەتە ئامانج، ئەو سیستمە لەسەر لەناوبردنی گەلی کورد دامەزراوە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە خاکی باشوردا دەسەڵاتەکەی بەرفراوان بکاتەوە و سنوورەکانی جارێکی دیکە بگەیەنێتەوە سنوورەکانی "میساقی میللی"، قسەکانی بارزانی دژی کوردایەتییە، گەلی کورد لێی قبوڵ ناکەن، چونکە هەڵوێستەکانی سووکایەتیکردنە بە گەلی کورد و سەرئەنجام مێژوو لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات.

ب.ل