هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، پەدەکە پشتیوانیی دەڵەتی تورک دەکات بۆ ئەوەی بگاتە سنوورەکانی میساقی میللـی و باشووری کوردستانیش بکاتە ویلایەتێکی تورکیا و بارزانییەکیش بکاتە والیی ویلایەتەکە، دەشڵێت: لە هەرشوێنێک کە تورکیا نەتوانێت خۆی پێ بگەیەنێت، پەدەکە هێزەکانی زێرەڤانی، گوڵان و پێشمەرگەی ڕۆژی لێ جێگیردەکات.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلەتیکا، بەوردیی باس لە ڕێککەوتنی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دەکات بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و ئامانجی ئەو ڕێککەوتنەش ڕووندەکاتەوە.
بەسێ هۆزات ئاماژە بەوە دەکات، کە پەدەکە دەیەوێت لەڕێگەی تورکیاوە نەوت و گاز هەناردەی ئەوروپا بکات و وتی: ئەمریکا و ئەوروپاش پشتیوانیی دەکەن، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە دەیانەوێت بەم ڕێگایانە قەیرانی گاز چارەسەربکەن، کە بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینەوە دروستبووە، بەڵام لە ڕاستیدا چەندین ساڵە پەدەکە نەوت و گاز دەفرۆشێت بە تورکیا و ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵییان لەگەڵ کردوون، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی کێشەکانی نێوان عێراق و یەنەکە و پەدەکەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە پەدەکە پشتگیریی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی بگاتە سنوورەکانی میساقی میللـی، ئەوەش ئاشکرادەکات: بەگوێرەی ئەو پیلانەش ڕێککەوتوون باشووری کوردستان بکەنە ویلایەتێکی تورکیا، بۆیە پشتیوانیی داگیرکاریی تورکیا دەکات لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و دەیەوێت زەمینەی ڕەوایەتیی بۆ ئەو داگیرکارییە بڕەخسێنێت، تورکیا دەیەوێت باشووری کوردستان دوای داگیرکردنی بکاتە ویلایەتێکی تورکیا و بارزانییەکیش بکاتە والیی ویلایەتەکە، دیاریشە کە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون.
دەشڵێت: تورکیا بە پشتیوانیی پەدەکە بەشێکی گرنگی باشووری داگیرکردووە و ژمارەی بارەگای سەربازییەکانیشی بۆ دوو تا سێ هێندە زیادکردووە، سوپای تورک لە بارەگاکانی باشووری کوردستانییەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامدەدات، پەدەکەش ئەو هەلەی بۆ ڕەخساندووە، سوپای تورک لە شیلادزێوە دەچێتە کوڕەژارۆ و فڕۆکەکانی لە خاکی باشوورەوە هەڵدەستن، تەنانەت لە هەندێک شوێن سەربازی تورک بە جلی پێشمەرگەوە جموجوڵ دەکات.
هۆزات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشک دەخاتە سەر سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا و دەڵێت: جێی سەرنجە کە مەسرور بارزانی هەر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان چوو بۆ بەریتانیا و چەند دیدارێکی ئەنجامدا، دیارە دەیەوێت پشیتوانیی بەریتانیا و ئەوروپا بەدەستبهێنێت بۆ ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئەردۆغان کردوویەتی، هەروەها ڕۆڵی بەریتانیا لەم شەڕانەدا پیشان دەدات.
دەشڵێت: مەسرور بارزانی بۆ ڕێکخستنی هێرشە داگیرکارییەکان لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنە چەپەڵەکەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بشارێتەوە و کورد فریوبدات، باسی لەوەکرد ‘عێراق دەتوانێت ببێتە کۆنفیدراسیۆن’، کە ئەمە لەڕاستیدا نیشانەی هەوڵدانە بۆ دابڕاندنی باشوور لە عێراق و بەستنەوەیەتی بە تورکیاوە.
هەروەک باس لە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیش دەکات بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و دەڵێت: لە هەرشوێنێک کە تورکیا نەتوانێت خۆی پێ بگەیەنێت، پەدەکە هێزەکانی زێرەڤانی، گوڵان و پێشمەرگەی ڕۆژی لێ جێگیردەکات، دەوروبەری ناوچەکانی گەریلا دەگرێت، ڕێگا دەبڕێت و زانیاریی هەواڵگریی دەداتە تورکیا بۆ ئەوەی کامپەکانی گەریلا بکرێنە ئامانج، هەوڵیش دەدات هێزە داگیرکەرەکان لەسەر چیاکان جێگیربکات، پەدەکە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە شەڕی دژی ئێمەدا، بۆیە وەڵامی بانگەوازییەکانیشمان ناداتەوە.
وتیشی: هەڵوێستی دژی دیموکراسیی پەدەکە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم یەنەکە و گۆڕان و هەموو لایەنەکانی دیکەش کە بتوانن هەنگاو بۆ دیموکراسییبوون بنێن، ئەوانیش ناچار دەکات سیاسەتی دژە دیموکراسیی ئەو جێبەجێ بکەن.
هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەش ناشارێتەوە، کە ئەگەر هاوکاریی و خیانەتی پەدەکە نەبوایە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نەیدەتوانی هێرشی داگیرکاریی بکاتە سەر باشووری کوردستان و وتی: پەدەکە بەویستی خۆی بەشداریی لەو هێرشانەدا دەکات، بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە پەدەکە بەشداریی تێداکردووە، سەدان گوند چۆڵبوون و خەڵک ناچاربوون گوندەکانیان بەجێبهێڵن.
ب.ل