بەپێچەوانەی ڕۆژانی سەرەتا، ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی ٨٠٠ دیناریی دەفرۆشن چۆڵن و شۆفێران لێی دوور دەکەونەوە، بەشێکیشیان دوای تاقیکردنەوەی، تانکی بەنزینەکەیان بەتاڵ دەکەنەوە و هەندێکیش ئۆتۆمبێلەکانیان لای فیتەرە بۆ گۆڕینی فیتپەمپ و پاککردنەوەی فلتەر و نۆزڵ، شۆفێران ئەو بەنزینە بە تێزاپ دەچوێنن.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، بۆ یەکەم جار بە بڕیاری حکومەتی هەرێم بەنزینی ٨٠٠ دیناریی گەیەندرایە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک و ڕۆژی دواتر گەیشتە سلێمانی.
لە دوو ڕۆژی سەرەتادا خەڵکیکی زۆر سەرەی بۆ کڕینی ئەو بەنزینە دەگرت و بەنزینخانەکان ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ئۆتۆمبێلی لێکۆدەبوونەوە، بەڵام لە ڕۆژی سێیەمدا شۆفێران پاشەکشەیان کرد و لە دوێنی و ئەمڕۆش بەنزینخانەکانی سلێمانی چۆڵییەکی زۆری پێوە دیارە.
هۆکاری دوورکەوتنەوەی شۆفێران لەو بەنزینە خراپیی جۆرەکەیەتی و بەشێکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی، کە لەو بەنزینەیان تێکراوە، تووشی وەستانی فیتپەمپ و کێشەی نۆزڵ و فلتەرەکان بوون.
شۆفێران ئەو بەنزینە تێزاب دەچوێنن و داوا لە شۆفێرانی دیکە دەکەن، هەمان هەڵەی ئەوان دووبارە نەکەنەوە ئەو جۆرە بەنزینە نەکڕن.
شۆفێران دەشڵێن، بەنزینەکە غازى زۆرە ئەوەش وادەکات ئۆتۆمبێل گەرم ببێت و لەڕێگادا نەڕوات و لە هەمانکاتیشدا خراپى بەنزینەکە وادەکات ئامێرى ساردکەرەوەى ئۆتۆمبێل کار پێبکەین.
هەروەها، دەڵین، دەبێت بەنزین سارد بێت، بەڵام ئەم بەنزینە ٨٠٠ دینارییە گەرمە و هاوشێوەى تێزابە، چونکە لەکاتێکدا بەردەستت دەکەوێت دەیسووتێنێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، لەگەڵ ئەو بانگەشە زۆرەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکوممەتی هەرێم بۆ بەنزینی ٨٠٠ دیناریی کردیان، ئێستا خۆیان لە گلەیی شۆفێران بێدەنگ کردووە و هیچ وتەیەکیان لەبارەی خراپیی بەنزینەکەوە نەبووە.
لەئێستادا نرخی جۆرەکانى بەنزین لە بازاڕەکاندا لیترێك بەنزینی سۆپەر بە هەزار و ٤٠٠-و موحەسەن بە هەزار و ٣٢٥ و نۆرماڵ بە هەزار و ٢٠٠ دینارە.
لەپاش ئەوەى لە ڕۆژى ١٥ ى ئەم مانگەدا ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی شاری هەولێر، دژ بە گرانیی نرخی بەنزین خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا و تێیدا بۆ ماوەیەک ڕێگای سەرەکیی هەولێر – کۆیە داخرا و دواتر حکومەت بڕیاریدا بەنزینى ٨٠٠ دینارى لەناوچەکانى هەرێمى کوردستان دابەشبکات.
ئ.م