بەهۆی بۆردوومانەوە گەریلایەک شەهید بوو

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک ناوچەی زێ-یان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانە گەریلایەک شەهید بووە. 


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئاشکرای کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی شوبات ناوچەی زێ-یان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆردوومان کردووە.

هەپەگە ناوی گەریلایەکیشی ئاشکرا کردووە، کە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانە شەهید بووە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە هاتووە؛ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، ڕۆژی ٢٠ی شوبات کاتژمێر ١٠:٣٠ بۆ ١١:٠٠ گوندی فڵەحان لە ناوچەی زێ و دەوروبەری گوندی مسلۆک لە ناوچەی سیدەکانی باشوری کوردستانیان بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانە هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە. 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک ١٩ی شوبات کاتژمێر ١٩:٢٠ خولەک مەیدانی کارکەر و جیلۆی بچووکیان لە ناوچەی زێ بۆردوومان کرد، لەو بۆردوومانە هەڤاڵێکمان بە ناوی عەلی هەولێری شەهید بوو. 

هەپەگە ناسنامەی ئەو گەریلایەی بەم شێوەیە ئاشکرا کردووە: 
ناوی ڕێکخستنیی: عەلی هەولێری
ناو و پاشناو: ئیبراهیم ئەلچی
شوێنی لەدایک بوون: شرناخ
ناوی دایک و باوک: شیرین – نورەدین
کات و شوێنی شەهید بوون: ١٩ی شوباتی ٢٠١٩ – زێ

هەپەگە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو شەهیدە و گەلی کوردستان کردووە و بەڵێنی داوە ئامانجەکانی ڕێبەرایەتی ئازاد، کوردستانی ئازاد، کە ئامانجی هاوڕێ عەلی بووە پێکبێنێت. 

 

ک.ک