بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە ڕووی لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ٢٧٢ هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
بە گوێرەی ئامرێک کە پەیامنێری رۆژ نیوز لە سەرچاوە فەرمیەکانەوە کۆی کردووەتەوە، تا ئێستا بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە ٢٧٢ هاوڵاتی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە جیاوازەکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە.
سامان سەلمان، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر، بە رۆژ نیوز-ی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ بەهۆی چری خۆڵبارینەوە لە شاری هەولێر ٥٢ هاوڵاتی بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسیەوە سەردانی نەخۆشخانەکانی رۆژئاوای هەولێر و نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردووە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانیش بڵاویکردەوە، ھەردوو فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ( شار و د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی فێرکاری منداڵان ) تا ئەم کاتە ۸۰ کەس سەردانیان کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر کە بە هۆی خۆڵبارینیەوە تەندروستیان تێکچووە.
ئاسۆ حەوێز، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ڕۆژ نیوزی وت: بەهۆی چری خۆڵبارینەوە لە پارێزگای هەڵەبجە ١٥ کەس و ئیدارەی ڕاپەرین نزیکەی ٢٠ کەس و گەرمیان نزیکەی ٦٠ هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
جگەلەوەش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی کۆیە بەڵاویکردەوە، لەبەیانیەوە نزیکەی ٤٥ هاوڵاتی سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی( فێرکاری شەهید د. خالید و نەخۆشخانەی گشتی تەق تەق)یان کردووە.
بەهۆی خۆڵبارینەوە، وەزارەتی تەندورستی هەرێم ڕایگەیاند: چاودێری ڕەوشی کەشوهەوا دەکەین، هەرکاتێک ئاستی خۆڵبارین لە هەر شوێنێک بگاتە ڕادەی مەترسی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ، بێ دوو دڵی ڕاسپاردەی پشووی شوێنە فەرمیەکان و گشتیەکان دەکەین لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لەپێناوی بەرژەوەندی و تەندروستی هاوڵاتیان کە بیکەنە پشوو.
ها-غ