سێشەممە, 7 أغس 2018 – 13:31 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لەسەر هێلێ سنووریی نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان گوندێکی لێیە بەناوی گوندی مەلاعەباس، کە ٦٦ خانەوادەی سوریانی تێدا دەژیان، لە پاش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پێشێلکارییەکانی دەوڵتی تورک لەدژی ئەو شۆڕشە و بەتایبەتی لەدژی هاوڵاتییانی سەر سنوور توندوتیژتر بوونەوە، لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییانەدا گوندی مەلا عەباس بەتەواوی چۆڵ کرا.
سوپای تورک لە حەوت ساڵ پێش ئێستاوە بەردەوام هاوڵاتیانی ئەو گوندە و ناوچە سنوورییەکانی کردووەتە ئامانج و لەلایەکیشەوە ڕێگای نەداوە بە جوتیاران و ئاژەڵداران لە سەر زەوییەکانیان کاربکەن.
ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی گوندەکانی سەر سنوور بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی سوپای تورکدا خۆیان بپارێزن، دیواری چیمەنتۆییان لە دەوری ماڵەکانیان دروستکرد، ژمارەیەکی دیکەش کە ئەو دەرفەتەیان نەبوو ناچار گوندەکانیان بەجێهێشت.
لە کۆی ٦٦ خانەوادەی دانیشتووی گوندی مەلا عەباس، لە ئێستادا تەنیا پێنج خانەوادەی لێ ماوە، ئەوانی دیکە ڕوویان کردووەتە شارۆچکەی تربەسپی یان قامیشلو و دەرەوەی وڵات.
هاوڵاتیان دەڵێن سوپای تورک لە پاش شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەو سنوورانەی بەسەربازی کردووە و پەیوەندییەکانیان بە گوندەکانی باکوری سوریاوە بڕاوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە هاوکاریی یەکتریان دەکرد.
سوپای تورک نەک تەنیا پەیوەندییەکانی هاوڵاتیانی گوندەکانی سەر سنووری بە گوندەکانی باکوری کوردستان بڕیوە، بەڵکو ڕێگاش نادا بە هاوڵاتیان کە لە سەر زەوییەکانی خۆیان کاربکەن، هاوڵاتیان دەڵێن، کە سەربازەکانی سوپای تورک ئەو هاوڵاتینە دەکەنە ئامانج کە بەمەبەستی کار لەسەر زەوییەکانیان دەچنە کێڵگەکان.
س.ح