بەهۆی زیادبوونی ئاوی بەنداوی‌ دوكانەوە هۆشداری دەدرێتە هاوڵاتیان

بەڕێوەبەرایەتی‌ بەنداوی‌ دوكان، هۆشداریدەدات لەوەی بەهۆی پڕبوونی بەنداوەكەوە زیان بە بەشێك لەهاوڵاتیان بگات و داواش دەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێكاریی پێویست بۆ ئەوە بگرنەبەر.


بەڕێوەبەرایەتی‌ بەنداوی‌ دوكان بەنوسراوێك كە حەوتی مانگی ڕابردوو ئاراستەی‌ قائیمقامیەتی‌ قەزای‌ دوكانی كردووە، ئاماژە‌ بەزۆربونی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ بەنداوی دوكان دەكات لەمساڵدا و ئاشكرایكردووە، كە ئەمساڵ تێكڕای‌ ئەو ئاوەی‌ هاتووەتە ناو دەریاچەكەوە لەماوەی‌ سێ‌ مانگی‌ ڕابردودا 160%ی‌ تێكڕای‌ ساڵانەی‌ تێپەڕاندوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە پێدەچێت ئەمساڵ دەریاچەكە پڕببێت و هەمان ڕوداوی‌ ساڵی‌ 1988 دوبارەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی‌ بەنداوی‌ دوكان، ڕاشیگەیاندووە ڕێڕەوی‌ ڕوبارەكە لەئەنجامی‌ ئەو هەموو زیادەڕۆیانەی‌ كراوەتەسەری‌ بەرتەسك بووەتەوە، "بۆیە ئاگادارتان دەكەین لەئەگەری‌ ڕوودانی‌ هەر مەترسییەك لەسەر كەناری‌ ڕووبارەكە و زیانگەیاندن بەهاوڵاتیان و موڵك و ماڵیان".

بەڕێوەبەرایەتیەكە داوای‌ لەقائیمقامیەتیش كردوە "كاری‌ پێویست ئەنجامبدرێت لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و لەئامادەباشیدابن بۆ هەر ئەگەرێكی‌ نەخوازراو كە ڕووبدات تاوەكو بەرپرسیارێتی‌ نەخرێتە ئەستۆی‌ دەوڵەت".

لەوەڵامی‌ نوسراوەكەشدا، قائیمقامیەتی‌ شارۆچکەى دوكان، دوێنێ نوسراوێكی ئاراستەی هەریەك لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی‌ شارۆچکەکە کرد كە بریتین لە(سەرۆكایەتی‌ شارەوانی‌، گەشتوگوزار، كشتوكاڵ، بنكەی‌ بەرگری‌ شارستانی‌، بەشی‌ پۆلیس، یاریدەدەرێتی‌ ئاسایش) ئاگاداریكردوونەتەوە لەئامادەباشیدابن بۆ هەر ئەگەرێكی‌ نەخوازراو.

د.ع