بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە كارگەی بەرهەمهێنانی ئاوی مەگنالایف داخرا

بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە و دەرنەچوونی لەتاقیگەدا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كارگەی ئاوی مەگنالایفی داخست.


ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە بارەی داخستنی كارگەی بەرهەمهێنانی ئاوی مەگنالایف ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لیژنەی بەدواداچوونی بەرهەمهێنانی ئاوی لەدەبەنراوی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوای پشكنین و دڵنیابونەوە لەنەشیاوی ئاوەكە بۆخواردنەوە و بەهەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامیەتی شارۆچکەی شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی وارماوا دوای ئاگاداركردنەوە لەكەموكوڕیەكانی و پابەند نەبوون بە جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنماییەكان كارگەی ئاوی مەگنالایف لەگوندی میرەدێی سەربەناحیەی وارماوا داخست.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی بەدواداچونی بەرهەمهێنانی ئاوی لەدەبەنراو كە چاودێری كۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان و عەمباركردن و گواستنەوەی ئاو لەبتڵ و پەرداخ و دەبەدا دەكات هۆكارەكانی داخستنی كارگەكە دەرنەچوونی بەرهەمەكەیەتی لەپشكنینی تاقیگەیدا لەگەڵ بوونی ئاژەڵ لەكارگەكەدا كەڕێگە پێدراو نیەو لەڕووی تەندروستیەوە نەشیاوە.

ک.س