پێنجشەممە, 19 يول 2018 – 08:46 ڕۆژنیوز – كەركوك
شەوی ڕابردوو نزیكەی ١٠ تەقینەوەی جۆراوجۆر لە شاری كەركوك ڕوویاندا، كە بەهۆیانەوە ١١ كەس بریندار بوون.
عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: لە شاری كەركوك كۆمەڵێك تەقینەوە ڕوویاندا، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە كە تەقینەوەكان چی جۆرێكن.
وتیشی: یەكێك لە هێرشەكان بە شێوەیەك بووە، كە بە ئۆتۆمبێلی نەناسراو سێ ڕومانە هەڵدراون بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو هاوڵاتیان.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك هەر لە پۆلیسی كەركوك بە ڕۆژنیوزی وت: ژمارەی تەقینەوەكان١٠ تەقینەوە بوون و بەو شێوەیە بوون، سێ بۆمب لە ڕێگای بەغدا تەقینەوە، بۆمبێكیش لە گەڕەكی عروبە تەقیەوە، هەروەها سێ موشەكیش نراون بە نەخۆشخانەی منداڵانی كەركوك و لە باخچەكەی نەخۆشخانەكە كەوتنەوە، جگە لەوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێكیشەوە سێ نارنجۆكی دەستی لە نزیك شوقەكانی گەڕەكی شۆریجە فڕێدراون.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: ١١ كەسی بریندار لە نەخۆشخانە تۆمار كراون و پێنج لەو بریندارانە کە سێ ژن و دوو منداڵن، لە نەخۆشخانەی منداڵانەوە ڕەوانە كراون، كە بەهۆی موشەكەكانەوە برینداربوون.
هەر لە بارەی تەقینەوەكانەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراقیش تەقینەوەكانی كەركوكیان لە پێگەی خۆیان پشتڕاست كردەوە و ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەك بۆمب تەقێنرانەوە و نارنجۆك فرێدرایە نێو خەڵكەوە، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە هەڵمەتێكی چڕی گەڕان و پشكنین كردوە لەو شوێنانەی جێی گومانن.
ك.ك/هـ