دووشەممە, 22 يون 2020 – 09:51 ڕۆژنیوز- هەولێر
https://youtu.be/045D6YBKEu0″>
هاوڕێ كوردی، چالاکوانێکی دیاری شاری هەولێر و باشوری کوردستانە، لە سەرجەم خۆپیشاندان و چالاکییەکانی دژ بە نادادیی، گەندەڵیی و هێرش و داگیرکارییەکانی سەر باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەشداریی دەکات، ماوەی حەوت ساڵە لەسەر میلاكی یەكەی پاسەوانیی لەسەر پشكی یەکێتیی نشتیمانی كوردستان-یەنەکە دامەزراوە، هەفتەی ڕابردوو بەرپرسی یەکەکەی ئاگاداریکردووەتەوە، كە ڕاژەکەی ڕادەگیرێت و لە کارەکەی دووردەخرێتەوە.
هاوڕێ کوردی، هۆکاری ئەو هەوڵانە بۆ هەڵوێستە نیشتیمانییەکانی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک چووینە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و بەشێکمان دەستگیرکراین، بەرپرسانی پارتی دەستیان بە هەوڵدان کرد بۆ ڕاگرتنی ڕاژەکەم.
هاوڕێ کوردی، ڕوونیدەکاتەوە، کە ئەو لەسەر میلاکی یەنەکە دامەزراوە، هەر بۆیە دەستیان بە بەدواداچوون کردووە و دەرکەوتووە، ئەوە بڕیاری یەنەکە نییە، بەڵکو بڕیارێکی تاکەکەسیی ناو یەنەکە بووە، بەهۆی ئەو هەوڵدانانانەوە، بەرپرسانی یەنەکە بەڵێنیشیان پێداوە، کە ئەو بڕیارە هەڵبووەشێننەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگەڕیتەوە سەر کارەکەی.
چاوسورکردنەوە و نانبڕین پاشکەشە بە هاوڕێ ناکات، هەرچەند وەک خۆی دەڵێت، ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەرامبەری کراوە”هەوڵێکی بەعسییانەیە” بۆ ڕێگرییکردن لە دەربڕینی هەڵوێستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بەڵام بە ئەرکی هەمووانی دەزانێت، لە سەنگەری ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکاندا بن.
ش.ف