بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد ڕەشیدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، بوونی منداڵ بە نەشتەرگەری و بەكارهێنانی شیری قوتو لە جیاتی شیری دایك، ئاستێكی مەترسیداری تێپەڕاندووە و دەشڵێت: یەكێك لە ئامارە مەترسیدارەكان بەكارهێنانی دەرمانی دژ بەكتریایە و هۆكاری یەكەمی مردنە لە هەرێمی كوردستان.
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆرجەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: بوونی منداڵ بە نەشتەرگەری ئاستێكی مەترسیداری تێپەڕاندووە، بەكارهێنانی شیری قوتو لە جیاتی شیری دایك ئاستێكی مەترسیداری تێپەڕاندووە، هەروەها ئەو منداڵانەی نەخۆشن و لەسەر بەرپرسیارێتی دایك و باوكیان لە نەخۆشخانە دەردەكرێن لە ئاستێكی خراپدایە، لەبەرئەوەی پێش دەكردنی پێویستیی بە چارەسەربووە، بەوهۆیەوە چەندین منداڵ گیانیان لەدەستداوە و توشی ئیفلیجی مێشك بوون.
لە نەخۆشخانە تایبەتەكاندا لەدایكبونی منداڵی پێشوەختە ڕێژەیەكەی زیاتر لە ٩٥٪ و ئەمە ئامرێكی زۆر مەترسیدارە، منداڵ بوون بە نەشتەرگەری كاریگەری زۆر خراپی هەیە هەم لەسەر منداڵەكە و هەم لەسەر دایكەكە، ئەمەش هەندێك منداڵ توشی نەبەكامی دەبێت، بۆیە داوامان كردووە چاودێری ورد لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەكان هەبێت.
یەكێك لە ئامارە مەترسیدارەكان بەكارهێنانی دەرمانی دژ بەكتریایە، كە ئێستا دنیا بە دەستییەوە دەناڵێت و پێنج هۆكاری مردن بەهۆی دەرمانی دژ بەكتریاوەیە، بەڵام لەوانەیە ئێستا لە هەرێمی كوردستان یەكەم هۆكاری مردن بەهۆی بەكارهێنانی دژە بەكتریاوە بێت، چونکە دەستکەوتنی ئەو دەرمانە ئاسانە.
س.س