کوژراوانی چەتەکانی داعش لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزە عێڕاقییەکان و فڕۆکەجەنگییەکانی هاوپەیمانان لە سنوری کەرکوک بۆ ١٠ کوژراو بەرزبووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی پارێزگای کەرکوک، لەچەند کاتژمێری ڕابردوودا فڕۆکەجەنگییەکانی هاوپەیمانان پێنج بۆردومانیان بۆسەر پێگەکانی داعش لەدەورووبەری کەرکوک ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، هێزە عێراقیەکانیش ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لەچەک و کەرەستەی جیاوازدا گرتووە و چەندین تەرمی کوژراوانی داعشیش دۆزراونەتەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای کەرکوک، لەزاری لێپرسراوانی باڵای ئەمنی پارێزگاکەوە ڕوونیشیکردوەتەوە کە ئەمڕۆ چەتەکانی داعش گورزی کوشندەیان پێ گەیەنراوە و لە ئەنجامدا ١٠ چەتە کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلی ئامادەکراو بۆ تەقاندنەوە و وتونێلی پڕ لەچەک خاپورکراون و تەقێنراونەتەوە.
ڕاگەیەندراوەکە ئۆپراسیۆنەکەی بە ئامانجە گەورەکە ناو بردووە و ئاشکراشی کردووە کە سودی تەواو لەزانیاریەکانی دەزگای هەواڵگری عێڕاقی وەرگیراوە و بەشێک لەبۆردومانەکان لەنزیک زنجیرە چیاکانی حەمرین بووە و بەشێکی دیکەی لەنزیک گوندی تەموور بووە لەباشوری ڕۆژئاوای کەرکوک.
پێشتر شانەی جەنگی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، زانیاری ورد لەسەر حەشارگەیەکی چەتەکان دراوە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەوانیش بە چەکی پێشکەوتوو لەناویان بردووە و بۆ ئەوەی ئەنجامی ئەم هێرشە بزانریت، هێزێکی لیوای ٤ی پیادەی فیرقەی ٣٤ی پیادەی فیرقەی ٩ چوونەتە ناوچەی تەموور و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دەرکەوتووە چوار چەتەی داعش کوژراون و دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆر سکیلێک تێکشێنراوە.
ک.س