ئاسایشی دهۆک هەڵدەکوێتە سەر ماڵی چالاکوانێکی شاری دهۆک و چالاکوانەکەش دەڵێت: “هیچ تاوانێکم نییە و تەنها ڕەخنەم گرتووە، بەڵام ئەوە پێنج جارە ئاسایش هەڵدەکوتێتە سەرم، منداڵەکانیشم لەترسدا تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، بۆیە هەر شتێک ڕووبدات خۆم دەکوژم”.
ئەیهان سەعید، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دهۆک، کەمێک پێش ئێستا لە فەیسبوکی خۆی پۆستێکی سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بەختیار دهۆکی، چالاکوانی مەدەنی لەلایەن ئاسایشەوە بڵاوکردەوە، هاوکات ڤیدیۆیەکی ئەو چالاکوانەشی بڵاو کردوەتەوە.
بەختیار دهۆکی چالاکی مەدەنی لە دهۆک لە ڤیدیۆکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە پێی ڕاگەیاندووە کە “لەسەر ڕەخنەکانی هێزەکانی ئاسایشی دهۆک ئەوە چەند جارێکە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵمان، ئەمشەویش هاتوون بەڵام من لەماڵ نەبووم و مناڵەکانم لە ماڵەوە بوون و توشی دۆخێکی دەروونی خراپ بوون، منیش بۆ شوێنێکی نادیار چوم، چونکە هیچ تاوانم نیە، بێجگە لە ڕەخنەکانم، هەر کاتێ بانگکرابم چومەتە بەردەم دادگا، بەڵام نازانم ئاسایش بۆچی ئەم ڕەفتارە دەکات، خۆشم بکوژم هێزە ئەمنیەکان بەرپرسیارن”.
بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت “داوا لە پەرلەمانتاران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم بە هانامانەوە بێن، هەر شتێکم بەسەر بێت هێزە ئەمنیەکان بەرپرسیارن، من بەشێوازێکی شارستانی و یاسایی ڕەخنە دەگرم و ئەگەر لەسەر ئەم دۆخە خراپە ڕەخنە لە حکومەت نەگرم ئەی ڕەخنە لە کێ بگرم؟”.
ئەیهان لە پۆستەکەیدا نوسیویەتی: ئەمە لە کاتێکدایە هێزە ئەمنیەکانی پارێزگای دهۆک لە پرۆسەیەکدا بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی بادینان لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە ٣٢٠ ڕۆژنامەوان، مامۆستا، چالاکوان و هاوڵاتی ناڕازی دەستگیکردووە و تا ئێستا ٧٠ کەس بێ سەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە و بە تومەتی جیا جیا تۆمەتبار کراون.
هەروەها ئەیهان دەڵێت: دۆخی ئازادی ڕادەربرین لە بادینان زۆر خراپە و دەستەڵات هەموو بەها یاسایی، دیموکراسی و ئەلاخلاقییەکانی بێ نرخ کردووە، ئەم ڕەشبگیرییەی بادینان مەترسییە بۆ سەر پرسی ئازادی و دیموکراسی، دەبێت لایەنەکان بێنە سەر خەت و هەڵوێستی جدیان هەبێت.
ک.س