بە کورسیی کەمئەندامییەوە بەشداریی چالاکییەکانی دژ بە دەوڵەتی تورک دەکەن

هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بە هەموو توێژەکانەوە بەردەوامن لە ناڕەزایەتیی دەربڕین دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، تەنانەت کەمئەندامانیش بە کورسییە تایبەتەکانیانەوە بەشداریی چالاکییەکان دەکەن.


لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

گردبوونەوەکە لەلایەن تۆڕی ڕێکخراوەکانی شارەزوورەوە ڕێکخرابوو، توێژە جیاوازەکان بە پیر و منداڵ و گەنجەوە بەشدارییان کردبوو، ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەو هاوڵاتییە کەمئەندامە بەتەمەنەبوو، کە بە کوسیی کەمئەندامییەکەیەوە بەشداریی چالاکییەکەی کردبوو.

لە گردبوونەوەکەدا، نارین عوسمان، بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکانی شارەزوور بەیاننامەیەکی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتییە بۆسەر کورد وەک نەتەوە.

ئەوەش هاتبوو: ئامانجی دەوڵەتی فاشیتی ئەردۆغان  پاکتاوکردنی ئێمەیە لەڕۆژئاوای کوردستان، خەڵکی ڕۆژئاوا لەناو گوند و ماڵەکانی خۆیان دەیانەوێت بژین، بەڵام دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژیان دەکات.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە گرنگیی یەکدەنگیی گەلی کورد کرا لە چوارپارچەی کوردستان بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان.

ش.ف