لە ڕابەرایەتی ڕیفراندۆمەوە بۆ سوێندخوارن بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق، ئەو بە كۆڵێك مەلەفی گەندەڵییەوە چاوی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە.
دەیەوێت ئەو پەرلەمانەی شەش ساڵ پێش ئێستا لەسەر گەندەڵیی لە پۆستی وەزیری دارایی دووری خستەوە، ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆماری پێ ببەخشێت.
یەكێك بوو لە ڕابەرانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان و عەرابی پارچەكردنی عێراق بوو، ئێستا سوێند بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەخوات و كاندیدی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەیە.
هۆشیار زێباری یەكەم وەزیری دوای ڕووخانی ڕژێمە، كە لەسەر گەندەڵیی دوورخرایەوە.
هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق، لە ساڵی ١٩٥٣ لە ئاکرێ لەدایکبووە، منداڵیی لە موسڵ بەسەر بردووە، باوکی ناوی مەحمود ئاغای زێبارییە و خاڵی مەسعود بارزانییە، ساڵی ١٩٧٦ بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئوردن بەدەستهێناوە و بڕوانامەی ماستەری لە کۆمەڵناسییدا هێناوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەکەیە.
زێباری، خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی عێراقی و بەریتانییە، لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی عێراق بووە، لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بوو بە وەزیری دارایی عێراق، لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠١٦، بەهۆی گەندەڵی و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیرایەوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لە بەرامبەردا هۆشیار زێبای تانەی لە بڕیاری دوورخستنەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كرد، ڕۆژی ٢٠ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ، عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، كە دادگا دوای پێداچوونەوە، تانەی هۆشیاری زێباری ڕەتكردووەتەوە.
ماوەی ١٠ ساڵی ڕەبەق وەزیری دوو وەزارەتی سیادی عێراق بوو، جگە لە كۆتاییەكی شەرمەزاری بۆ خۆی و حزبەكەی، هیچ دەستكەوتێكی بۆ گەلی كورد بە دەست نەهێنا، تائێستا شەفاعەتی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ بكات.
زێباری یەكەم وەزیری حكومەتی عێراقی دوای ڕووخانی بەعسە كە لەسەر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی لێوەرگیرایەوە، ئەمەش شوێنەواری خراپی لەسەر پێگە و ناوبانگی كورد لە بەغدا جێهێشت.
لەبڕگەی سێیەمی ماددەی ٦٨ دەستووری عێراقیدا ھاتووە: کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستە خاوەن ناوبانگێکی باش بێت، ھەروەھا گەواھیی بۆ بدرێت، کە دەستپاکە و ئاکاری ڕێکە و دادپەروەرە و دڵسۆزی نیشتمانە. نەك لەبرگەی چوارەمی ھەمان ماددەدا ھاتووە، بەتاوانێکی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.
ئێستا هۆشیار زێباری، چاوی لەوەیە بچێتە كۆشكی سەلام و دەیەوێت سەرۆك كۆماری وڵاتێك بێت، كە پێنج ساڵ پێش ئێستا ڕابەرایەتی ڕیفراندۆمێكی دەكرد بۆ جیابوونەوە لەو وڵاتەی، كە خۆی ئامادەكردووە سوێند بخوات بۆ پاراستنی یەكپارچەیی.
د. ئیسماعیل نامی، پسپۆڕی یاسایی لە نووسینێكد بە ناونیشانی “ھۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی کاندید بکات” ئاماژەی بە مەرجەكانی دەستووری عێراق كردووە بۆ ئەو پۆستە و نووسیویەتی: هۆشیار زێباری ئەو کاتەی وەزیری دارایی بوو لەسەر دەست پیسیی و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات متمانەی لێسەندرایەوە، پشت بەست بە ڕێکارەکانی پرساندن و متمانە لێسەندنەوەی، دروستە بوترێت؛ نە ناوبانگی باشە، نە دەستپاکە، نە ئاکاری ڕێکە، نە دادپەروەرە، ئایا دڵسۆزی نیشتمانە؟
ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو یەکێک بوو لەرێبەرانی ڕیفراندۆم، بەئاشکرا داوای پارچە پارچە کردنی عێراقی ئەکرد، کەواتە یان ڕیفراندۆمەکە فشە بووە، یان ئێستا ڕاست ناکات کە دەڵێت دڵسۆزی عێراقم.
سەبارەت بەبڕگەی چوارەمى مادەی ٦٨ی دەستور، ئیسماعیل نامیق نوسیویەتی: ڕاستە ئەو حوکم نەدراوە، بەڵام ھۆکاری حوکم نەدانی ھاوکێشە سیاسییەکانی عێراقە، ئەگەر لەوڵاتی یاسادا بووینایە، دەبوو کاک ھۆشیار و زۆربەی بەرپرسەکانی دیکە لەبەر شاشەکانی کونجی زیندان، سەیری دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بکردبا.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پەدەکە سوورە لەسەر كاندیدكردنی و بە پاڵپشت بەو ڕێككەوتنە نهێنییە پێشوەختەی لەگەڵ سوننەكان و ڕەوتی سەدردا كردوویەتی، دەیەوێت هۆشیار زێباری خاڵی بباتە كۆشكی سەلام و بۆ یەكمجار لە مێژووی عێراقی دوای ڕژێمی سەدامدا ئەو پۆستە وەربگرن.
لە بەرامبەردا یەنەکە ئەو پۆستە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت و لە كۆبونەوەی ٢٣ی کانوونی دووەمی سەركردایەتیی خۆیدا بڕیاریدا، کە پشتگیریی تەواو بکات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە
ڕۆژی ٢٥ کانوونی دووەم دادگای باڵای فیدراڵی تانەكانی لەسەر یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەتكردەوە و دانیشتنەكەی بە یاسایی و دەستووریی لەقەڵمدا، هەوەها هەڵپەساردنی كارەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەرلەمان دەتوانێت دەست تەواوكردنی ڕێكارە دەستورییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكات و بەپێی دەستوور دەبێت تا ڕۆژی هەشتی شوبات پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت.
سەركردایەتی یەنەکە ڕێككەوتنی پەدەکە و بەشێك لە لایەنە عێراقییەكانی بە بڕیارێكی تاكلاینە ناوبرد و ڕایگەیاند، پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوە و ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشكەشكردووە.
بەپێی ڕێكارە دەستوورییەكان دەبێت تا ڕۆژی هەشتی شوبات پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت، ئەگەر پەرلەمان كاندیدبوونی هۆشیار زێباری ڕەتنەكاتەوە بەهۆی ئەو مەلەفانەی لەسەریەتی، ئەوان یەنەكە بە كاندیدی بەرهەم ساڵح و پەدەكە بە كاندیدی هۆشیار زێباری دەچنە هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە.
س.س