تائێستا دیارنییە پەیکەرەکەی محەمەد لەکوێ دادەندرێت

خوێندکارێکی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە، بۆ پڕۆژەری کۆتایی خوێندنی لە پەیمانگا، پەیکەرێکی محەمەدی دروستکردووە، وەک خۆی دەڵێت ئامانجی لە هەڵبژاردنی ئەم کارە بە دیکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەیە کە لەدژی گەلی کورد ئەنجامدراوە، دەشڵێت: تائێستا بڕیاریان نەداوە پەیکەرەکە لەکوێ دابنێن.


دەوڵەتی تورک لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠١٩ هێرشێکی داگیرکاریی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، لەدوای ئەوەی ڕووبەڕووی بەرخۆدان و بەرگریی مەزنی شەڕڤانان و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوویەوە، پەنای برد بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، کە یەکێک لەو چەکانەی بەکاریهێنا چەکی فۆسفۆڕی سپی بوو، کە بەهۆیەوە جەستەی چەندین هاوڵاتی مەدەنی سوتا، لەناویاندا منداڵێک بوو بەناوی محەمەد.

کاتێک وێنەی برینداربوونی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان بە چەکی فۆسفۆڕ بڵاوبوویەوە، لەگەڵیدا وێنەی محەمەد بڵاوبوویەوە، کە لەنەخۆشخانە لەبەر زۆری ئازاری جەستەی هاوار دەکات، ئەم وێنەیەش بوویە سیمبوڵی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە چەندین ناوەندی میدیایی جیهان بڵاوبوویەوە.

چرا عەبدولكەریم، خوێندكارێكی قۆناغی پێنجی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەڵەبجەیە، بڕیاری داوە بۆ پڕۆژەی دەرچوونی پەیکەرێک بۆ محەمەد دروستبکات، بۆئەوەی وەک سمبوڵێک و وەک دیکۆمێنتێک بۆ ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی داوە بمێنێتەوە و لە شاری هەڵەبجە دابنرێت.

چرا، لەسەر دروستکردنی پەیکەرەکەی محەمەد و چۆنێتی گەڵاڵەبوونی ئەو بیرۆکەیە لەلای بە ڕۆژنیوزی وت: ئامانجم بە دیکۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەیە کە دژی گەلی کورد ئەنجامدەدرێت، زیاتر لەوەش دەمەوێت باس لەوەبکەم کەبەسەر مرۆڤدا دێت، چونکە محەمەد پێش ئەوەی کوردبێت مرۆڤە، ئەوەش واتای ئەوەیە ئەو تاوانە بەرامبەر مرۆڤایەتی کراوە.

ئەو خوێنکارە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ماوەی چوار هەفتەیە دەستی كردووە بەدروستكردنی پەیکەرەکە، ئەو پەیکەرەی دروستی دەکات بەرزی ١٨٠سم و هەفتانە سێ ڕۆژ کاری تێدا دەکات و دەبێت هەتا ١٥-١-٢٠٢٠ تەواوی بکات، هەروەها وتی: پەیکەرەکە لە ئێستادا بە قوڕی ئاسایی و تەل دروستدەکەم، بەڵام بۆ ئەوەی پەیکەرەکە توانای مانەوەی هەبێت پێویستی بەوەیە کە ماددەی فایبەر کڵاسی تیا بەکاربێت، ئەو ماددەیەش لە پەیمانگا نییە و هەتا ئێستاش کەس ئامادەیی دەرنەبڕیوە تێچووی کڕینی ماددەکان بگرێتە ئەستۆ، بۆیە ئەگەر هەر بەقور کارەکەم تەواوبکەم توانای مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ نابێت.

لەبارەی شوێنی دانانی پەیکەرەکەوە، چرا وتی: من پێمخۆشە، کە پەیکەرەکە لەشوێنێکی گشتیدا دابندرێت بۆ ئەوەی هەموو کەس بیبینێت، بەڵام هەتا ئێستا مۆنۆمێنتی هەڵەبجە داوای کردووە، کە لە مۆنۆمێنتەکە دابدرێت، هەروەها پارێزگاری هەڵەبجەش داوایکردووە لە بینای پارێزگا دابندرێت، بەڵام ئێمە هێشتا بڕیارمان نەداوە لەکوێ دایدەنێین.

هونەر ساحێب، مامۆستایی سەر پەرشتیاری پڕۆژەکەی چرا بە ڕۆژنیوزی وت: چرا بەتەنها کار لە دروستکردنی پەیکەرەکەیدا دەکات، منیش خۆشحاڵم کە سەرپەرشتی کارەکەی دەکەم، چونکە برینداربوونی محەمەد و هاوڵاتیانی دیکە هێندەی كارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال ئازاریدام، ئومێدەوارم ئەم كارە گەیاندنی ئازاری نەتەوە و كۆمەڵگاکەمان بێت بە جیهان.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کارەی چرا، هەوڵێکی گرنگە بۆ بە دیکۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدەدرێت.

د.ع