ترامپ: لەمکاتەدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشنین

سەرۆکی ئەمریکا زیادکردنی باجی لەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی تورکی ڕاگەیاند و ئەوەشی خستەڕوو، کە لەمکاتەدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا باش نییە.


ئەمڕۆ، دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، لە توویتێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر، زیادکردنی باجی لەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی تورکی ڕاگەیاند.

ترامپ، ڕایگەیاند: بڕیارمدا بە دووهێندە کردنی گومرکی سەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی تورکیا، بەو پێیەی لیرەی تورکی بە خێرایی دادەڕمێتە خوارەوە لە بەرامبەر دۆلاری زۆر بەهێزی ئێمە،‌ ئەلەمنیۆم ئێستا دەبێتە ٢٠% و ئاسنیش ٥٠%.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکردووە، کە لەمکاتەدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا باش نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بۆرسە جیهانیدا، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ٦.٢٣ لیرەی تورکی بوو.

دوێنێش شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتیی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەمریکایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەرپرسانی تورکیاش ئامادەنەبوون لەسەر ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان هیچ لێدوانێک بدەن.

ڕۆژی یەکی ئەم مانگەش، ئەمریکا سزای بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی تورکیادا سەپاند، بەهۆی ئەوەی کە ڕرۆڵیان لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی قەشە ئەمریکییەکەدا هەبووە.

ب.ل