توانەوەی بەفر ١٥ گوندی قەندیلی بێ کارەبا کردووە

بەهۆی توانەوەی بەفری زنجیرە چیای قەندیلەوە چوار ستوونی کارەبا ئاو بردنی و ١٥ گوند بێ کارەبا بوون.


توانەوەی بەفری زنجیرە چیای قەندیل بەردەوامە، کە بووەتەهۆی دروستبوونی لافاو و دوێنێ چوار ستوونی کارەبا لە گوندی باراوە ئاو بردنی، ئەم ڕووداوەش ١٥ گوندی سنوورەکەی بێ کارەبا کرد و مەترسی لەسەر ڕووخانی تەواوەتیی شەقامەکەش هەیە.

سەبارەت بەو کێشەیە، نەهرۆ عەبدوڵا، بەرێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر، بە ڕۆژنیوزی وت: تیمەکانمان لەگەڵ کارمەندانی فەرمانگەی کارەبای سەنگەسەر چوونەتە شوێنەکە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن، ئەویش لەڕێگای دانانی ستوونی نوێی کارەباوە.

جەختیشکردەوە، کە بە زووترین کات کێشەی کارەبا لە گوندەکانی بناری قەندیل نامێنیت.

ش.ف