توركمانەكان: ئەگەر ڕێکنەکەوتین لە پەرلەمان کاندیدەکەمان یەکلایی دەکەینەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی لە پەرلەمانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کە تورکمانەکان ڕێکنەکەوتن لەسەر کاندیدی جێگری سەرۆکی دووەمی پەرلەمان، ئەوا لە پەرلەمان یەکلایی دەکەنەوە.


ئەمڕۆ، مونا قەهوەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانیی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

لە كۆنگرەکەدا مونا قەهوەچی، سەبارەت بە کاندیدی تورکمانەکان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، وتی: وەكو پێكهاتەی توركمان هیچ كێشەیەكمان نابێت بۆ كاندیدی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە لەنێوان لایەنە توركمانییەكان.

وتیشی: لەدوو ڕۆژی داهاتوو هەوڵدەدەین لەكۆبوونەوەی لایەنە توركمانیەكان بگەین بەڕێككەوتن و بەیەك كاندید بچینە كۆبووبوونەوەی پەرلەمان، ئەگەریش نەمانتوانی، ئەوكاتە ئێمە لەناو كۆبوونەوەی پەرلەمان كاندید یەكلادەكەینەوە، كە كێ دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان.

تورکمانەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج کورسیی کۆتایان هەیە، لەو پێنج کورسییە چاكسازیی توركمانی دوو كورسیی و بەرەی توركمانی یەك كورسیی و پارتی گەشەپێدانی توركمانی دوو كورسیی هەیە.

ئەمە یەکەمین جارە تورکمانەکان لە سەرۆکایەتیی پەرلەماندا جێگا دەگرن و لە دوای هەڵبژاردنی ئەمساڵ تورکمانەکان جەختیان کردەوە، کەیان جێگری سەرۆکی پەرلەمان یان جێگری سەرۆکی حکومەت پێویستە ئەوان وەریگرن، بۆ ئەو مەبەستەش باڵیۆزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکمانەکان کۆبووەوە و وتی، کە پێویستە یەکێک لەو پۆستانە بدرێت بە تورکمان.

ش.ف