توركیا نامەیەک ئاڕاستەی بارزانی دەکات و داوادەکات پێشمەرگە یەکنەگرێتەوە

توركیا نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و تیایدا داوا دەکات پێشمەرگە یەکنەگرێتەوە و پارتی نەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، تا ئەوکاتەی تورکیا بە نەخشەڕێیەک ڕازی دەبێت، هاوکات دژایەتی خۆشی بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت.


وەزیری دەرەوەی توركیا نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنێرێت و تێیدا دژایەتییەکانی دژ بە کورد دووبارە دەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی پەیسەرپرێس بڵاوی کردوەتەوە، توركیا نامەیەكی بە واژۆی مەولودچاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوە، ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و تێیدا داوایكردووە پارتی پشتیوانی دروستكردنی هێزی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەسنورەكانی عێراق و توركیا نەكات.

لە نامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا کە دیاری نەکراوە چ ڕۆژێک ئاراستەی کراوە ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، كە ئەو هەنگاوە ئاستەنگ بۆ جموجوڵی سوپای توركیا لەنێوان عێراق و توركیا دروست دەكات.

وەزیری دەرەوەی توركیا داواشی كردووە پلانەكەی ئەمریكا بۆ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ نەكەن، چونكە هەنگاوی دوای ئەوە تێكەڵكردنی دەبێت بە سوپای عێراق، سەبارەت بەدۆخی كەركوكیش توركیا لەنامەكەیدا داوایكردووە پارتی نەگەڕێتەوە كەركوك و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست نەكەن، تا ئەوكاتەی بەپێی نەخشەرێگایەك كە توركیا پێی ڕازی دەبێت چارەسەری كێشەی كەركوك نەكرێت.

چاوش ئۆغلۆ لەنامەكەدا داواشی لەبارزانی كردووە ئەو ڕۆژانەیان بیرنەچێت كە ئەنكەرە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد گرێبەستی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ هەرێم  كرد و بەهۆیەوە ڕووبەڕووی سكاڵای یاسایی بەغداد بۆوە بۆیە هەمان چاوەڕوانیان لەهەرێم هەیە كە ڕێككەوتنەكانیان دەربارەی نەوت و غاز بە ئاگاداری توركیا بێت و بەرژوەندیەكانی ئەنكەرەی تێدا ڕەچاو كرابێت.

ک.س