​​​​​​​تورکمانەکان بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکانی دیکە لەسەر کەرکوک ڕێک دەکەون

بەبێ گەڕانەوە بۆ پێکهاتەکانی دیکە، تورکمانەکان لەبارەی کەرکوکەوە ڕێککەوتن و چوار بڕیاریان دەرکرد.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکمانیی، دوێنێ لایەنە سیاسییە تورکمانەکان و بزوتنەوە نەتەوەییەکان بە ئامادەبوونی ئەندامانیانژ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە داوایان کردووە، کە "پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ تورکمان بێت، بۆ ئەوەی ئارامیی سیاسیی و ئەمنیی لە پارێزگا بەردەوام بێت"، جەختیشیانکردووەتەوە، لەسەر مانەوەی دۆسیەی ئەمنیی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیی و تورکامنیش لە بەڕێوبەرییدا جێگا بگرێت.

هەروەها، تەئکیدیان کردووەتەوە، کە نابێت هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگا لە دەرەوەی بینای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و بێ ئیرادەی تورکمان پێکبێت.

باسیشیان لەوە کردووە، یەکسانی سیاسیی و ئیداریی بەڕێژەی ٣٢٪ بۆ پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان بێتە کایەوە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لیژنەیەکیان لە هێزە تورکمانەکان دروستکردووە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە دوای ١٦ی تشرین ی دووەمی ٢٠١٧ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆنەبووەتەوە و پارێزگاکە بێ پارێزگار ماوەتەوە، دواجار لە ٥ی شوباتی ئەمساڵ یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق ڕایانگەیاند، کە گوایە ڕێککەوتوون لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجومەن لە ١٨ی شوبات، بەڵام ئەمڕۆ ١٨ی شوباتە و ئەو دوولایەنە هێستا لە ناکۆکیی جدییدان لەسەر ئەو بابەتە و ڕێکنەکەوتوون.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەش کورسیی لە پارێزگای کەرکوک بەدەستهێنا  وپۆستی پارێزگاری کەرکوک بە مافی خۆی دەزانێت، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق کە هیچ کورسییەکی لە پارێزگاکە نییە، ڕازیی نابێت بە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی و دەڵێت، کە دەبێت پارێزگار بێ لایەن بێت، یانیش کەسێک بێت، کە خۆی دەستنیشانی بکات.

هاوڵاتیانی شارەکەش دەڵێن، کە کەرکوک و کەرکوکییەکان بوونەتە قوربانیی ململانێکانی نێوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) و "ئەو دوولایەنە تەنیا لە خەمی بەرژوەندییەکانی خۆیاندان، نەک هاوڵاتیان".

ش.ف