تورکیا: وەڵاممان پێیە بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک، ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی دەتوانێت وەڵامی گەمارۆکانی ئەمریکا بداتەوە، ئەوەش بە بڕیاردان لە مانەوە یان نەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئینجەرلیکی وڵاتەکەی.


سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک سیستمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ی لە ڕوسیا وەرگرت، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و سیناتۆرەکانی ئەمریکا داوایان لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ولاتەکایان کرد لەسەر ئەو بابەتە گەمارۆ بخاتەسەر تورکیا.

ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک، لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی (تی جی ئاڕ تی)، هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا گەمارۆمان بخاتەسەر، ئێمەش وەڵاممان دەبیت، لەوانەیە لەسەر بنکەی ئینجەرلیک و مانەوەو نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە بڕیارێک بدەین، ئەمەش تەنها پڕوپاگەندە نییە، بە پێچەوانەوە لە دۆخی هەنووکەیی بۆ ئێمە کارێکی سروشتییە.

پێشتر و لە کاردانەوەیەکدا دژی کڕێنی سیستمی ئێس-٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە، کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتی تورکی لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥ دورخستووەتەوە و تورکیای لە بەدەستهێنانی ئەو فڕۆکانە بێبەش کردووە.

ک.س