دوای شەش مانگ و پێنج ڕۆژ لە ڕفاندنیان و مانەوەیان لە چاڵێکی تاریک بە دەست و پێ بەستراوی، دواجار دیلان و عیسا لە بەرامبەر چوار دەفتەر دۆلار لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکران، ئێستا عیسا لە نەخۆشخانەیەو دیلانیش لەلای کەسوکارەکەی، ڕۆژنیوز چیرۆکی ڕفاندن و ژیانی ئەو چەند مانگەیان لە زاری دیلانەوە ئاشکرا دەکات.
کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، بە دیاریکراوی لە كاتژمێر ١٢ی شهوی ٢٥ی مانگ و دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان، له نزیك گوندی چهوركه-ی قهزای داقوق ٤٤کم باشوری كهركوك، دوو گەنج بە ناوەکانی عیسا و دیلان کە ئەرکی پاسەوانیکردنی تاوەرەكانی كارەبایان لە گوندی چەورگە لە باشوری داقوق لە ئەستۆ گرتبوو، لە لایەن دوو چەتەی داعشەوە ڕفێنران، دواجار ئەم دوو گەنجە لە بەرامبەر چوار دەفتەر دۆلار ژیانیان سەندرایەوە.
دیلان هێشتا شۆکی ئەو ڕووداوە بەرینەداوە کە پێش شەش مانگ وەک کابووس هاتە نێو ژیانییەوە و تا ئێستاش ترسی چەتەکان بەرینەداوە، لە کاتێکدا ئەو ڕوخسارێکی ئارام و دەم بەخەندەی هەیە، بەڵام دەیان ئازاری لەناخیدا هەڵگرتووە و هەر ڕۆژێک بۆ ئەو چیرۆکێکی تاڵ و تراژیدی بووە لەگەڵ چەتەکاندا.
دیلانی تەمەن ٢٣ ساڵ ماندووە و تاو تاو ئازاری بۆ پەیدا دەبێت، بەڵام وەک عیسای تەمەن ٢٥ ساڵ نەیخستووەتە ژێر چارەسە و چاودێری پزیشكییەوە، ئەو ئامێزی خێزان و کەسوکارەکەی پێ باشترە وەک لەوەی لە نەخۆشخانە بکەوێت، هەرچی بێت، ئەو ئێستا گەنجێکی ماندو و بێ حەوسەڵەیەو یەکجار تاقەتی لەبەر بڕاوە.
ئەو شەوەی چەتەکان لەکاتی ئەرکدا دەدت بەسەر دیلان و عیسادا، شەوێکی سارد و سەخت دەبێت، دیلان لەنێو كەرەڤانەكەدا سەر دەنێتەوە، “لە كتوپرێكدا دوو چەكدار بە دەموچاو هەڵپێچراوی کە تەنها چاوەکانیان بە دەرەوە بوو، ماتۆڕەكەیان لە تەنیشتمانەوە ڕاگرت و بە هەڕەشەوە دایان بەسەرماندا، چەکی جۆری M4یان پێ بوو، دەست و چاویان بەستین و لەگەڵ خۆیان بردیانین”.
دیلان دەڵیت، چەکدارەکان بە عەرەبی پێیانگوتون، دەیانبەن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن و بۆ بەیانی ئازادیان دەکەن، بەڵام بێ ئاگابوون لەوەی کە ئەو بەیانییە شەش مانگ دەخایەنێت.
پاش ئەوەی عیسا و دیلان لەگەڵیان سواری ماتوڕ دەبن دەردەكەوێت ژمارەی چەكدارەكان لەگەڵ دەنگی ماتوڕەكانیان زیاتر دەبێت، “ڕێگاکە هێندە سەخت و دژوار بوو، بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگاوە بووین”. دیلان وای گوت.
چەتەکان عیسا و دیلان لەناو چاڵێکدا بە دەست و چاو بەستراوی دەهێڵنەوە و جگە لە نیسک و نۆک، هیچی دیکەیان پێنادەن، دەیلان وتی “ئەوان بە بەردەوامی بە عەرەبی دەدوان، کەمێک توندبوون لەگەڵمان، چاوەکانمان بە بەردەوامی بەسترابوون، ژیانێک بوو لەناو تاریکیدا”.
مۆفەق ڕەشید لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، باوكی دیلانەو لە هەمانکاتیشدا پێشمەرگەیە، پاش چەند ڕۆژێک لە ڕفاندنی کوڕەکان لەلایەن چەتەکانەوە، تەلەفۆنی بۆ دەکرێ و داوای بڕە پارەیەکی زۆری لێ دەکرێت، “بە درێژایی ئەو شەش مانگە ژیانمان تاڵ بوبوو، لەو ماوەیەدا سێجار چەتەکان تێلیان بۆ کردین، هەرجارەو داوای بڕە پارەیەكی زۆریان دەكرد بۆ ئازاد كردنی کوڕەکان، جارێک ١٥ دەفتەر و جارێكیش ١٠ دەفتەر وجارێكی تریش پێنج دەفتەر دۆلار، بەردەوام هەڕەشەی كوشتنی كوڕەكانیان لێ دەکردین”.

هەفتەیەك بەر لە ئێستا چەتەکان تەلەفۆن دەدەن بەدەست دیلان و عیساوە تا قسە لەگەڵ دایکیان بکەن، “زۆر خۆشحاڵ بووم كە گوێم لە دەنگی دایكم بوو، پاشان دەركەوت چەكدارەكان لەگەڵ ماڵەوەمان ڕێكەوتوون بەرامبەر چوار دەفتەر دۆلار ئازادمان بکەن”. دیلان وای گوت.

ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕابردوو، چەتەکان تەلەفۆن بۆ مۆفەق دەکەن و داوای ئاڵوگۆڕەکە دەکەن، “بە دەنگێکی گڕ وتی خێراکە پارەکەت ئامادە بکەو ئەمە دوایین دەرفەتە”. مۆفەق وتی.
لەم ماوەیە مۆفەق دەکەوێتە کۆکردنەوەی پارەکەو ئاسایشی زنانەش بە هەموو کەین و بەینەکان ئاگادارە و سەرپەرشتی کارەکان دەکات، بەڵام لەبەر پاراستنی سەلامەتی و ژیانی ئەو دوو گەنجە، هیچیان لەدەست نایەت، “چەتەکان تەلەفۆنیان کردو وتیان دەبێت پارەکە ژنێک بۆمان بێنێت و پیاوی لەگەڵدا نەبێت”
دواجار دوو ژنی ناو خانەوادەی هەردوو گەنجەکە، پارەکە دەبەنە سنوری چەتەکان و کوڕەکانیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە، “چەتەکان پێیانگوتم ملی ئەم ڕێگایە بگرە و ئاوڕ نەدەیتەوە، پێیەكانم زەوییان نەدەگرت و دەکەوتم و هەڵدەسامەوە”.

دۆسیهی ئهمنی كهركوك به دهست پۆلیسی ناوخۆیی و لیوای ٦١ی فیرقهی تایبهتهوهیه لهژێر فهرماندهیی ئۆپراسیۆنه هاوبهشهكاندا، له قهزا و ناحیهكانیشدا سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حهشدی شهعبی جێگیر کراون.
ی. ک