تۆمەتبارانی دەستدرێژیی جنسیی سەر کچێکی ٨ ساڵ ئازاد کران

تۆمەتبارانی دەستدرێژیی جنسیی سەر منداڵێکی هەشت ساڵ لە شاری هەولێر ئازادکران و باوکی منداڵەکەش دەڵێت:"بەرپرسێکی پارتی-یان لەپشتەوەیە".


ل. لوقمان-ی تەمەن ٨ ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، لە ٤/٣/٢٠١٩ لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوکاریی دوو ژن دەستدرێژیی جنسیی کرابووە سەر، تۆمەتبارەکان لە ١٤/٤/٢٠١٩ دەستگیرکران و لە بنکەی پۆلیسی ڕاستی دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بەڵام لە ١٧/٦/٢٠١٩ ئازاد کراون، لەوبارەیەوەشەوە ئەمڕۆ باوکی (ل) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

لوقمان ئیسماعیل، باوکی (ل) لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بە سەرەتای ڕووداوەکە کرد و وتی:"ئەو دوو پیاوە بەهاوکاریی زڕدایکی 'ل' و زڕپورەکەی لە ٤/٣/٢٠١٩ کچەکەمیان ڕفاند و پاش سێ کاتژمێر دۆزیمانەوە، دوای پشكنینی پزیشكیی دەرکەوت 'ل' دەستدێژیی جنسیی كراوەتە سەر، منیش سکاڵام لەسەر تۆمارکردن و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و دانیان بە تاوانەکەیاندا نا".

لوقمان ئیسماعیل، وتیشی: زانیارییم پێگەشت، کە تۆمەتبارەکان ئازاد کراون، بۆیە سەردانی بنکەی پۆلیسی ڕاستیی-م کرد و بۆم دەرکەوت، بە بڕیاری دادگا و بە کەفالەت ئازاد کراون.

لوقمان ئیسماعیل، ڕایگەیاند"بەرپرسێکی پارتی لەپشت ئازادکردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیی سەر (ل)-ەوەن" و داوای کرد، کە دۆسیەی کچەکەی بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورەتری لێنەکەوێتەوە.

باوکی (ل)، ئاماژەی بە خراپیی دۆخی دەروونیی منداڵەکەی کرد و وتی، کە پێویستیی بە هاوکاریی هەیە.

ش.ف