لە بەردەوامی سەردانەکانیاندا بۆ لای ڕێکخراوە مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان لە سنووری شاری سلێمانی، ئەمڕۆ شاندی دیپلۆماسی کامپی مەخمور سەردانی، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان-یان کرد، کە لە ١٨ ڕێکخراوی مەدەنی و تایبەت بە ژنان پێکهاتوون، لەبارەی بارودۆخی دوایی خەڵکی کامپەکە گفتوگۆیان کرد.
سەردانی شاندی کامپی مەخمور بۆ پشتیوانیکردنیان لەو دۆخە ناهەموارەی بەهۆی گەمارۆی دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە بەسەریاندا هاتووە بەردەوامە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، سەردانی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان-یان کرد، کە لە ١٨ ڕێکخراوی مەدەنی و تایبەت بە ژنان پێکهاتوون و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا ئامینە ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا وتووێژمان کرد سەبارەت بە بارودۆخی خراپی خەڵکی کامپی مەخمور و گرفتەکانی کامپەکە بەتایبەتی لەدوای ئەو گەمارۆیەی کە خراوەتە سەریان، ئەوەی کە ئەمڕۆ بیستمان جێگای نیگەرانییە، لە ڕابردوودا خۆمان بە مەیدانی سەردانی کامپەکەمان کردووە و دۆخیان زۆر خراپە و فشارێکی زۆری ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەرە، هەوڵیکی زۆرمانداوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی مرۆڤی عێراق و پارێزگاری هەولێریش، بۆ کۆتایی هێنان بەو گەمارۆیە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
وتیشی: لەمەبەدواش لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی ئەو کامپە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و هاوکاریکردنیان لەڕووی ماددی و مرۆیی و مەعنەویشەوە، چونکە ئەوانیش مرۆڤن و کوردن.
ک.س