تەرمى کۆچبەرێکى ١٩ساڵ دەگەڕێندرێتەوە سلێمانى

کۆچبەرێى کوردى دانیشتووى شارۆچکەى دەربەندیخان، بەڕووداوى هاتووچۆ، لە وڵاتى یۆنان گیانى لەدەستدا، بڕیار وایە تەرمەکەى لەلایەن فیدراسیۆنى پەنابەرانەوە بگەڕێندرێتەوە هەرێمى کوردستان.


فیدراسیۆنى پەنابەران، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەى بەوەکردووە، کە ئەمڕۆ تەرمى کۆچبەرێک لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى سلێمانییەوە دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى کە لە ڕاگەیەندراوەکەى فیدراسیۆنى پەنابەراندا هاتووە، ئەو کۆچبەرە ناوى دانەر فاتیح-ە و تەمەنى ١٩ ساڵە و دانیشتووى شارۆچکەى دەربەندیخانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى-یە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دانەر، ڕۆژى ٥ى ئەم مانگە لە شارى میناى کۆمەنیزیا لە وڵاتى یۆنان، کە بەڕێوە بووە بەرەو وڵاتى ئیتاڵیا بە ڕووداوى هاتووچۆ گیانى لە دەستداوە.

د.ع