تەرمی بەهادین نوری، لە سلێمانییەوە بەرەو گوندەکەی خۆی بەڕێکراو بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بەخاکبسپێردرێت.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهادین نوری، نووسەر، سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق لە تەمەنی ٩٣ ساڵییدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، کەمێک پێش ئێستا پاش ئەنجامدانی نویژ لەسەری تەرمەکەی لە مزگەوتی مەلا عەبدولکەریمی مودەریسەوە بەڕێکرا بۆ گوندی (تەکێ) لە شارۆچکەی قەرەداغ و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بەخاکبسپێردرێت.
بەهادین نوری، خەڵکی گوندی (تەکێ)ی قەرەداغە، لەساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە، ساڵی ١٩٤٦ بووە بە ئەندامی حزبی شیوعی، ساڵی ١٩٤٩ بووە بە سکرتێری ئەو حزبە، ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراقەوە دەستگیرکراوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، دواتر لەژێر فشاردا ئەوفەرمانە هەڵوەشێنرایەوە و سزاکەی کرا بە زیندانی هەتاهەتایی، لە ساڵی ١٩٥٨ ئازادکرا.
بەهادین نوری، لەم ساڵانەی دواییدا تووشی نەخۆشیی”سیلی باڵندە” بوو بوو، کە کاریگەریی زۆریان لەسەر سییەکانی دروستکردبوو، دوای ١٠ ڕۆژیش لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.
ک.س