ئەمڕۆ كەسوكاری كۆڵبەرەكان، تەرمی سێ لە كۆڵبەرەكانیان لە سەر سنووری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، دۆزییەوە.
ئاژانسی فوراتنیوز بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی هەوڵی ناوەندە فریاگوزارییەکان بۆ ڕزگاركردنی پێنج کۆڵبەر لە سەر سنووری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، کۆتایی هات، كەسوكاری كۆڵبەرەكان خۆیان دەستیان بە گەڕان کرد و خۆیان گەیاندە تەرمی سێ لە کۆڵبەرەکان.
ئەمڕۆ پاش ئەوەی گەڕانی ناوەندە فریاگوزارییەکان بۆ دۆزینەوەی پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی مولا خودایی، فەرهاد خودایی، بەڵێن ئەحمەدی، یاوەر ئەسلانی و مەتین ئەسلانی، كۆتایی هات كە لە ١٨ی ئەم مانگەوە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، كەوتبوونە بەر هەرەسی بەفر، بنەماڵە و کەسوکاری کۆڵبەرەکان، خۆیان دەستیان کرد بە گەڕان.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمڕۆ بنەماڵە و کەسوکاری کۆڵبەرەکان، تەرمی سێ کۆڵبەریان لە بن بەفردا دۆزیوەتەوە كە تەرمی مەتین ئەسلانی، بەلێن ئەحمەدی و مۆلا خودانی بوون.
هەروەها گەڕانی كەسوكاری كۆڵبەرەكان بۆ دۆزینەوەی تەرمی دوو کۆڵبەری دیكە بە ناوەکانی یاوەر ئەسلانی و فەرهاد خودایی بەردەوام دەبێت.
ئـ ت