شەممە, 31 مار 2018 – 21:02
ڕۆژنیوز – هاوڕێ کرێکار
تەرمی شوانێکی کورد بە کوژراویی لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو دۆزرایەوە، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتیش لە شارەدێی جەبارە ڕایدەگەیەنیت، کە ئەو شوانەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیس فیدرالی و حەشدی شەعبییەوە لە گوندێکی شارەدێی جەبارە ڕفێندرابوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە نێوان شارەدێی سلێمان بەگ و شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، تەرمی کەسێک دۆزرایەوە، کە پیشەی شوان بووە و دانیشتووی گوندی ساری گوێل-ی سەر بە شارەدێی جەبارە بووە لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە.
ئامانج عەبدوڵڕەزاق، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شارەدێی جەبارە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: تەرمی شوانەکە لە لایەن ژمارەیەک هاوڵاتییەوە دۆزراوەتەوە، ئاسەواری چەند فیشەکێک بە جەستەیەوە بووە، هاوڵاتییەکان تەرمەکەیان بردووەتە نەخۆشخانەی شارۆچکەی خورماتوو، دواتر تەرمەکە گواستراوتەوە بۆ نەخۆشخانەی شارۆچکەی کفری.
ئەوەشی خستەڕوو: شوانەکە ناوی جوامێر محێدین-ە و تەمەنی ٤٥ ساڵە، دانیشتووی گوندی ساری گوێل-ی سەر بە شارەدێی جەبارە بووە.
بەوتەی لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی لە جەبارە، ئەو شوانە کوردە دوێنێ لەلایەن هێزێکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە لەگەڵ دوو شوانی دیکەی بەنەتەوە عەرەب. لە سنووری شارەدێی جەبارە ڕفێندرابوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆش، هێزێکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندی ساری گوێل-ی سەر بە شارەێی جەبارە، کە گوندێکی کوردنیشینە و ٤ هاوڵاتییان ڕفاندووە، بەهۆیەوە گوندە بۆ ماوەیەک چۆڵکراوە.
ب.ل