تەرمی ئەو سەربازانە، کە لە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان کوژران براونەتە جۆلەمێرگ و بەپێی زانیارییەکان، بەلانیکەمەوە تەرمی ١٧ سەربازی سوپای تورک براونەتە جۆلەمێرگ.
وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتى تورک لە ڕاگەیەندراوەکانی ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی تشرینی دووەم تەنها دانی بە کوشتنی پێنج سەربازدا ناوە، ئاماژەیان بەوەكرد، سێ جەردەوانیش بە هەورە بروسکە بریندار بوون و دواتر یەکێکیان مردووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەم ڕۆژانەی دواییدا بەلایەنی کەمەوە تەرمی ١٧ سەربازی سوپای تورک گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی جۆلەمێرگ و ناوچەکانی جۆلەمێرگ.
ئاژانسەكە ئاشكرایكردووە، تەرمی چەند سەربازێک لە فڕۆکەخانەی گەڤەرەوە بە فڕۆکەی بارهەڵگرەوە ڕەوانەی شارە جیاوازەکان کراون.
بەپێی زانیارییەکان، بە لانیکەمەوە ١١ سەرباز و جەردەوان لەشەڕدا بریندرابوون و گواستراوەنەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەحرای سەرێ سێڤێ لە چەلێ و نەخۆشخانەی حکومیی شەمزینان و هەروەها، جەردەوانێک و سێ سەربازیش بە سەختی بریندار بوون، براونەتە نەخۆشخانەی توێژینەوەی و ڕاهێنانی وان.
ئاژانسی فورات ئاماژەی بەوەشكردووە، بەرپرسە پلە بەرزە سەربازییەکان لە سەربازگەکانی سەر سنوور، دەستیانگرتووە بەسەر تەلەفۆن و ئامێری دیجیتاڵی سەربازەکاندا.
لەشەوی ڕابردووەوە کارەبای گوند و ناوچەکانی نزیک شوێنی چالاکییەکە پچڕێنراوە و هێڵی ئینتەرنێتیش زۆر خاو کراوەتەوە.
س.س